سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق و كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت، تاوتوێی بارودۆخی عێراق و خۆپیشاندانەكان و هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەكەن.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، عادل عەبدولمەهدی پێشوازی لە محەمەد تۆفیق عەلاوی كردوە و لە كۆبوونەوەیەكدا گفتوگۆیان كردوە سەبارەت بە دوایین گۆڕانكارییەكانی بارودۆخی ئەمنی و خۆپیشاندانەكان و پشتیوانی لە هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست دیجیتاڵ میدیای KNN كەوتووە ئاماژەی بەوەشكردوە، لە كۆبوونەوەكەدا تەئكید لەسەر گرنگی پشتیوانی هێز و لایەنە سیاسییەكان كراوەتەوە بۆ ئەوەی محەمەد عەلاوی بتوانێت لە ماوەیەكی كەمدا پێكهاتەی كابینەی نوێی حكومەت رابگەیەنێت.
ئەوەش لە كاتێكدایە كە بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە رۆژی 1 شوباتەوە محەمەد عەلاوی بۆ پێكهێنانی حكومەت راسپاردوە و رۆژی 2 مانگی ئازاریش دوا وادەیە بۆ ئەوەی پێكهاتەی كابینەكەی پێشكەش بە پەرلەمان بكات بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
554 جار خوێندراوەتەوە