نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا ناكۆكییەكانی هێندەی تر لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی وڵاتەكەی قوڵكردەوە كاتێك راستەوخۆ و دوای تەواوبوونی سێیەم وتاری ساڵانەی، وێنەیەك لە وتارەكەی دڕاند.
وەك ئەوەی كە بڕیاری لێدرابوو، شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا چووە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی سێیەم وتاری ساڵانەی خۆی پێشكەش بە گەلی ئەمریكا بكات، هەر لەسەرەتای چوونی ترەمپ بۆ هۆڵی پێشكەشكردنی وتارەكەی رەتیكردەوە تەوقە لەگەڵ پیلۆسی بكات.
دواتریش ترەمپ وێنەیەكی لە دەقی وتارەكەی پێشكەش بە پیلۆسی كرد و پاشان دەستی بە پێشكەشكردنی وتارەكەی كرد كە زیاتر لە كاتژمێرێكی خایاند لە هەمان ئەو هۆڵەی كە مانگی كانونی یەكەمی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەران بە سەرۆكایەتی پیلۆسی لێپرسینەوەی لەگەڵ ترەمپ كرد و دواتریش بۆ لەسەر كارلادان بە تۆمەتی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات دۆسێكەی رەوانەی ئەنجومەنی پیران كرا بۆ دادگاییكردن و هێشا پرۆسەكەش كۆتایی نەهاتووە.
ترەمپ لە وتارەكەیدا تەئكیدی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و رووبەروو بوونەوەی تیرۆر كردەوە.
دوای تەواوبوونی وتارەكەش، پیلۆسی دەستبەجێی و لە پشتی سەری ترەمپەوە، ئەو وێنەی وتارەكەی ترەمپی دڕاند كە بە دەستییەوە بوو.
پیلۆسی بە یەكێك لە دیارترین نەیارەكانی سیاسەت و ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ دادەنرێت و لە دۆسێی دادگاییكردنەكەشیدا رۆڵی گەورەی بینیوە، لە كاتی هاتنی ترەمپیش بۆ پێشكەشكردنی وتارەكەی ئاشكرایكرد، لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە قسەی لەگەڵ ترەمپ نەكردوە.
2380 جار خوێندراوەتەوە