رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی: پلانەکەى ترەمپ بۆ پشتیوانى لە ناتەنیاهۆیە و شکستدەهێنێت

KNN : Kurdish News Network
09:27 - 30/01/2020
جیهان
+
-

رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی رایدەگەیەنێت، نەخشە رێگەكەی دۆناڵد ترەمپ بە مردویی لە دایك بووە و هێندەی بۆ پشتیوانیكردنە لە بنیامین ناتەنیاهۆ، هێندە بۆ ئاشتی ئیسرائیل - فەلەستین نیە. 

 

 رۆژنامەی هائارێتسی ئیسرائیلی لە راپۆرتێكدا رایگەیاندوە، كاتی راگەیاندنی نەخشە رێگاكەی ترەمپ بۆ خزمەتكردنە بە بنیامین ناتەنیاهۆی سەرۆك وەزیران بۆ رزگاركردنی لەو كێشەی سیاسی و یاساییەی سەبارەت بە بارودۆخی وڵات و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت تێیكەوتووە، نەك دەستەبەركردنی ئاشتی لە ناوچەكەدا. 

 

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردوە، بۆ راگەیاندنی نەخشە رێگاكە لایەنی فەلەستینی بانگهێشتنەكراون و ماوەی دوو ساڵیشە هیچ پەیوەندییەكی راستەوخۆیان لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكا نەماوە، لەبەر ئەوەی نەخشە رێگاكە بە مردویی لەدایك بووە. 

 

هائارێتس راشیگەیاندوە، رەنگە هەڵە بێت بڕیار لەسەر پلانەكەی ترەمپ بۆ ئاشتی بدەیت، چونكە لە هیچ پلانێكی تری دیبلۆماسی ناچێت، ئەوە جگە لەوەی هیچ وردەكارییەكی گرنگی دیكەی لەگەڵدا نیە، بەڵكو بیرۆكەیەكە بۆ فرۆشتن، كلیلی سەرەكیش بۆ تێگەیشتن لە پلانەكە، ئەوەیە كە بزانی كێ‌ دەیكڕێت. 

 

رۆژنامەكە دەشڵێت، ئەوانەی بە پلانەكە دڵخۆشن بەهۆی ئەوەیە كە ئەم پلانە سەركەوتوو ترین پلان بێت بۆ ئاشتی لە ناوچەكەدا، چونكە دانی بە سەروەری ئیسرائیل ناوە لەسەر زۆربەی ناوچەكانی خۆرهەڵاتی قودس و دۆڵی ئوردن و سەرجەم كۆمەڵگاكانی نیشتەجێبوون، بەڵام چانسی جێبەجێكردنی زۆر كەمە، بە تایبەت كە ترەمپ و ناتەنیاهۆش هێندە لە دەسەڵاتدا نامێننەوە كە بتوانن ئەو پلانە جێبەجێبكەن. 

 

لە كۆتاییشدا هائارێتس رونیكردوەتەوە، پلانەكەی ترەمپ سەركەوتوو نابێت، بەڵام دەرگا دەكاتەوە بۆ ئەوەی فەلەستینییەكان وەكو گەلێك بمێننەوە، هاوشێوەی تبتییەكان و كوردەكان، بەبێ‌ ئەوەی هیوایەكی راستەقینەیان بۆ دەوڵەتی تایبەت بە خۆیان هەبێت، هەر ئەوەش تێروانینی پشت پلانەكەی ترەمپە. 

938 جار خوێندراوەتەوە