گەنجێكی تەمەن 23 ساڵ لە سوریا خۆیی و ئەو كچەشی كوشت كە خۆشی دەویست لەسەر ئەوەی كە ئامادە نەبووە هاوسەرگیری لەگەڵ بكات.
تۆڕی هەواڵی سوەیدا 24 بڵاویكردەوە، گەنجێكی تەمەن 23 ساڵ لە پارێزگای سوەیدای باشووری سوریا بە رومانەیەك خۆیی و كچێكی تەمەن 22 ساڵیشی كوشتووە بە ناوی حەنان عەبدوڵا.
سوەیدە 24 ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو گەنجە كە ناوی حافز نزار بووە تاوانەكەی لەو كاتە ئەنجامداوە كە كچەكە لە كاتی گەڕانەوەی لە زانكۆ لە نزیك ماڵی كوڕەكەوە تیپەڕیوە بۆ ئەوەی بڕواتەوە بۆ ماڵەوە كە لە نزیك ماڵی كورەكە بووە، لەو كاتەدا كوڕەكە چووەتە سەر رێگەیی و رومانەكەی بە هەردووكیاندا تەقاندوەتەوە.
سەبارەت بە هۆكاری رووداوەكەش ئاماژە بەوەكراوە، كوڕەكە چەند جارێك چووەتە خوازبێنی كچەكە، بەڵام ئامادە نەبووە هاوسەرگیری لەگەڵ بكات، كاتێكیش زانیویەتی كچەكە بە نیازە هاوسەرگیری لەگەڵ كوڕێكی تر بكات، ئەو تاوانەی ئەنجامداوە لە گوندی كەفر لەحف لە ریفی سوەیدا.
ئەوەش لە كاتێكدایە پێشتر گەنجێكی تەمەن 19 ساڵ لە رووداوێكی هاوشێوەیەدا چووە ماڵی كچێكی تەمەن 17 ساڵ و رومانەیەكی تەقاندەوە بەهۆی ئەوەی كچەكە ئامادە نەبوو هاوسەرگیری لەگەڵ بكات، لە ئەنجامیشدا هەردوكیان گیانیان لەدەستدا و باوكی كچەكەش بە سەختی برینداربوو.
لەلایەكی ترەوە پیاوێك لە شاری لازقیەی خۆرئاوای سوریا لە مانگی ئەیلولی رابردوو رومانەیەكی لە ناو ماڵەكەی تەقاندەوە لە كاتێكدا ژمارەیەك لە دەرودراوسێكانی كۆبوبونەوە بۆ ئەوەی نێوەندگیری لە شەڕی نێوان پیاوەكە و ژنەكەی بكەن، لە ئەنجامیشدا چەند كەسێك برینداربوون.
چاودێرانیش زیادبوونی ئەو رووداوانە لە سوریا بۆ بڵاوبوونەوەی چەك و تەقەمەنی لە ناو خەڵك بەهۆی شەڕی چەند ساڵەی ئەو وڵاتە دەگەڕێننەوە.
32446 جار خوێندراوەتەوە