کاریگەرییە خراپەکانی چا لەسەر منداڵ

09:26 - 19/01/2020
تەندروستی

پسپۆرانی بواری نەخۆشییەکانی منداڵان، ئاماژە بە لایەنە خراپەکانی خواردنەوەی چا دەکەن بۆ منداڵان و لەو بارەیەوە هۆشداریی بە دایک و باوکان دەدەن.

راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، لە بابەتێکدا لایەنە خراپەکانی خواردنەوەی چای بۆ مناڵان خستووەتەڕوو.

لە بابەتەکەدا داواکراوە، بەلایەنی کەمەوە تا تەمەنی ٦ ساڵ چا نەدرێت بە منداڵ، ئەگەر دوای ئەو تەمەنە و پێش ئەو تەمەنەش چا بە منداڵ درا، دەبێت کاڵ بێت و شەکری زۆر کەم بێت یان هەر تێیدا نەبێت.

هۆکاری ئەمەش ئەم خاڵانەی لای خوارەوەیە؛

۱-  لەبەر ئەوەی چا بڕێکی زۆر کافاینی تێدایە، کەواتە ئەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، درووستکردنی دوودڵی، دڵەڕاوکێ و چالاک بوونی منداڵەکە، بۆیە کێشە بۆ خەوی منداڵەکە درووست ئەکات.

۲-  چۆن لە گەورە کاریگەری هەیە و سەر ئێشە درووست ئەکات، ئەگەر ڕۆژێک نەتوانێت بیخواتەوە، منداڵیش دوای فێربوونی چا، ئەگەر رۆژێک نەیخواتەوە، ئەوا تووشی سەرئێشە و توڕەبوون ئەبێت.

۳- ئەگەر لەبری کوپێک چا کوپێک شیر بە منداڵاکەت بدەیت، ئەوا وزەیەکی زۆرتر و تەندرووستری پێ ئەبەخشێت، چونکه گەدەی منداڵ بچووکە، بۆیە لەوانەیە بە خواردنەوەی چاکە بڕێکی زۆر گەدەی داگیر بکات و نەهێڵێت جێگەی خواردنی سوودبەخشی تر ببێتەوە.

٤- لەبەرئەوەی منداڵ بڕێکی زۆر شەکر ئەکاتە چاکەیەوە، بۆیە زیانێکی زۆر بە ددانەکانی ئەگەیەنێت.

٥- لەبەرئەوەی چا وەکو دەرمانی میزپێکەر ئیش ئەکات، بۆیە ئەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی بڕێکی زۆر کالسیۆم لە میزدا.

٦-زۆربەی کات کێشەی گەدە، وەک دڵەکزێ، بۆ منداڵ درووست ئەکات.

هەندێ سەرچاوە ئەڵێن، چا ئەبێتە هۆی کەمتر هەڵمژینی ماددەی ئاسن لە ریخۆڵەکاندا، کە دواتر ئەبێتە هۆی کەمخوێنی، بەڵام هەندێ سەرچاوە ڕەتیئەکەنەوە هیچ پەیوەندیەکی بەوەوە هەبێت، لەوانەیە زیاتر بەهۆی کەم خواردنی خواردنی سوودبەخشەوە هەبێت لە ئەنجامی زۆر خواردنەوەی چاوە.

1848 جار خوێندراوەتەوە