کۆتایی پیاوە ئاڵۆزەکەی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
بەرەبەیانی سێی مانگی
یەکی ساڵی نوێ، چەند موشەکێک کۆتاییان بە ژیانی ئاڵۆزترین و بەهێزترین پیاوی رۆژهەڵاتی
ناوەڕاست هێنا و دەرگای ئەو شەڕەیان کردەوە، کە چەند ساڵێکە چاوەڕوانکراوە.
فڕۆکەیەکی بیفڕۆکەوانی
هێزی ئاسمانی ئەمریکا، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، بۆردومانی کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی
هەریەک لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران
و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری دەستەی حەشدی شەعبی کرا، لە ئەنجامی
هێرشەکەدا سولەیمانی، موهەندیس و چەند کەسیکی دیکەی کوژران.
خۆی نوست و جیهانی بەخەبەرهێنا
دۆناڵد ترەمپ بەبێ ئەوەی
هیج لێدوانێک بدات، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر وێنەی ئاڵای وڵاتەکەی بڵاوکردەوە،
خۆی نووست و دونیای لە شەڕێکی نادیار بەخەبەر هێنا.
عەلی خامنەیی رێبەری
باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، کە متمانەیەکی بێسنوری بە فەرماندە کوژراوەکەی
وڵاتەکەی دابوو، سێ رۆژ ماتەمینی گشتی بۆ راگەیاند و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی
خوێنەکەشی لە ئەمریکا کرد.
دەستپێکی ململانێکان
کۆتایی ساڵی ٢٠١٩، گروپە
چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، هێرشیان کردە سەر بنکەی سەربازی کەی وەن لە نزیک
کەرکوک، لە ئەنجامی هێرشەکەدا بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوژرا.
سەرەتای تۆڵەی
ئەمریکییەکان
سوپای ئەمریکا تۆڵەی
خوێنی بەڵێندەرە کوژراوەکەی دوانەخست و لە خاکی سوریا و عێراق هێرشی کردە سەر
بنکەکانی کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی حزبوڵا و دەیان
چەکداریان کوژران.
هێرشکردنە سەر
باڵیۆزخانەی ئەمریکا
دواتر لایەنگرانی سەر بە
حەشدی شەعبی و حزبوڵای عێراق، چوونە سەر باڵیۆزخانەی عێراق و زیانیان بە
باڵیۆزخانەکە گەیاند، بەڵام دواتر لەسەر داوای حەشدی شەعبی بەردەم باڵیۆزخانەکەیان
چۆڵکرد.
هەنگاوە
چاوەڕواننەکراوەکەی ئەمریکا
ئەمریکا ، ئێران و حەشدی
شەعبی بەوە تۆمەتبار کرد، لەپشت هێرشی سەر باڵیۆزخانەی وڵآتەکەیەوە بوون لە بەغدا.
هەموان چاوەڕوانی وەڵامی
ئەمریکا بوون، بەڵام ئەوەی روویدا، هەموانی تووشی سەرسامیی کرد.
بە کوشتنی قاسم
سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، دەرگای ئاڵۆزییەکی گەورە لە نێوان عێراق، ئێران
و ئەمریکادا کرایەوە.
تۆڵەی ئێرانییەکان
بەرەبەیانی هەشتی کانونی
دووەم، سوپای پاسداران بە ١٥ موشەک بۆردومانی هەردوو بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای
ئەنبار و حەریری لە پارێزگای هەولێر کرد، بەڵام سوپای ئەمریکا رایگەیاند، سەرجەم
موشەکەکان لە دەرەوەی بنکەکان کەوتوونەتە خوارەوە.
سوپای پاسدارانیش
ئاماژەی بەوە کرد، لە هێرشەکاندا ٨٠ سەربازی ئەمریکیی کوژراون.
پێگەی هەرێمی کوردستان
نەکوشتنی قاسم سولەیمانی
لە خاکی هەرێمدا، باشوری کوردستانی لە شەڕێکی ویرانکەر دوورخستەوە، بەڵام، دواجار
کەوتنە خوارەوەی چەند موشەکێکی ئێرانی لە نزیک فرۆکەخانەی هەولێر، ئەو گومانەی
دروستکرد کە دەکرێت هەرێمیش بخزیندرێتە ناو ئەم شەڕەوە کە هەموان لێی رادەکەن.
پەیامەکەی بارزانی
شەوی حەوتی کانونی
دووەمی ٢٠١٩مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا، هۆشداریی دایە سەرجەم لایەنەکانی ناوچەکە،
کە دۆخەکە بەرەو تەقینەوە دەچێت، چەند کاژمێرێک دوای ئەم پەیامەش بنکەی
ئەمریکییەکان لە هەولێر بوو بە ئامانجی موشەکەکانی سوپای پاسداران.
هەشتی کانونی دووەمی
٢٠١٩، سێ سەرۆاکایەتییەکەی هەریم کۆبوونەوە و پاش کۆبوونەوەکەش لە پەیامێکدا،
هەڵوێستی هەرێمیان بە هەموو لایەک راگەیاند، کە هەرێم بەشێک نیە لە کێشەکان و
هەوڵیش دەدرێت عێراقیش بەشێک نەبێت لە ئاڵۆزبونی دۆخەکە.
دوای پەیامەکەی سێ
سەرۆاکیەتییەکەی هەرێم بۆ پشتیوانی هێزە بیانییەکان، حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری
ئێران، رۆڵی قاسم سولەیمانی بە بیر بەرپرسانی هەرێمدا هێنایەوە و جارێکی دیکە
رایگەیاند، ئەگەر فەرماندە کوژراوەکەیان نەبوایە، هەولێر دەکەوت.
لە سەرەتای ئاڵۆزبوونی
دۆخەکەوە، هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە هەڵوێستێکی ناوەند و نەرم وەربگرێت، کە نە
ئیرانییەکان توڕە بکات، نە لە پشتیوانی ئەمرییکییەکانیشی بکات، لەم بارەیەوە
نیچیرڤان بارزانی رایگەیاند بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق تاک لایەنە بووە و عێراق و
هەرێم هێشتا پێویستیان بە هێزەکانی هاوپەیمانانە.
1975 جار خوێندراوەتەوە