وێنە.. پوتین جانتای چەکە ئەتۆمییەکانی روسیای کردەوە

04:36 - 09/12/2019
جیهان

لە پرۆگرامێکی تەلەفیزیۆنیدا بۆ یەکەم جار ڤلادیمێر پوتین ئەو جانتایەی کردەوە کە دوگمەی چەکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی تێدایە.

لە شاشەی Zvezdaوە کە کەناڵی فەرمی وەزارەتی بەرگری روسیایە، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا ئەو جانتایەی کردەوە لە سەردەمی سۆڤییەتدا هەبووە و لە سەردەمی پوتیندا گەشەی زیاتری پێدرا و دوگمەی تەقاندنی چەکە ئەتۆمییەکانی روسیای تێدایە.

ئەم جانتایە لەلایەن چەند سەرکردەیەکی سۆڤییەتەوە هەڵگیراوە و دوای یەکەم سەرۆک وەزیرانی روسیای نوێش کە بۆریس یەلتسین بوو، رادەستی ڤلادیمێر پوتین کرا.

لە پڕۆگرامەکەدا باس لە تایبەتمەندییەکانی جانتاکە کرا و مێژووەکەی خرایە روو.

دوای ئەوەی وەک سەرۆک وەزیرانی روسیا هەڵبژێردرا، ڤلادیمێر پوتین گەشەی زیاتری بە جانتاکە داوە.

لە تەنیشت ئەو جانتایەدا کە رێنمایی دەستپێکردنی شەڕی ئەتۆمیی دەدات، دوو جانتای دیکە هەن، کە بەهۆی بەستنەوەی بە کۆمپیتەرێکەوە پەیوەندی لەگەڵ ناوەندی فەرماندەیی دروستدەکرێت.

پوتین لە هەموو گەشتەکانیدا بۆ دەرەوەی وڵات و شوێنە دوورەکانی رووسیا ئەم جانتایە لەگەڵ خۆیدا دەبات.

ئەو کەسەی جانتاکە هەڵدەگرێت سەربازێکی پسۆر و راهێنراوە لەسەر جانتاکە و شێوازی بەکارهێنان و گواستنەوەی.

جانتاکە دوو دوگمەی گرنگی هەیە، کاتێک پەنجە دەخرێتە سەر دوگمە سپییەکە، ئەوا کۆدی تایبەت دەنێردرێت بۆ ناوەندەکانی موشەکی ستراتیژی و راستەوخۆش ئەم رێنمایی و کۆد ناردنە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوەوە.

6817 جار خوێندراوەتەوە