ئایا عەبادی و مالیکی دەچنەوە کێبرکێ بۆ بوون بە سەرۆک وەزیران؟

09:08 - 02/12/2019
عێراق


بە قبوڵکردنی داواکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ دەستلەکارکێشانەوە لەلایەن پەرلەمانەوە، جارێکی دیکە چاو دەچێتەوە سەر کۆمەڵێک سیاسی عێراقی بۆ وەرگرتنی سەرۆک وەزیران.

 

هیشام رکابی، وتەبێژی نوری مالیکی بە دێجیتاڵ میدیای KNNی ڕاگەیاند "نوری مالیکی جارێکی دیکە خۆی کاندید ناکاتەوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و محمەد شیاع سودانی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە تویتەری خۆی رایگەیاندوە ئەو کاندیدی هیچ لیستێک نیە، بەڵکو دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ ئەو کەسەی گەل هەڵیدەبژێرێت.

 

لەگەڵ ئەوەش سەرکردەی ھاوپەیمانی "نەسر" و سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند نابێتە بەشێک لە کێبڕکێکان بۆ دیارییکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، ئەوەش لەپێناو رێگەخۆشکردن لەبەردەم کاندیدکردنی کەسایەتییەکی دوور لە قەوارە سیاسییەکان کە متمانەی گەل بەدەستبھێنێت.

 

عەبادی رایگەیاندووە: "نابمە بەشێک لە دیارییکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران، لەم قۆناغەدا داوا دەکەم کەسایەتییەکی سەربەخۆ کە متمانەی گەل بەدەستبھێنێت بۆ ئەو پۆستە دیاری بکرێت".

 

ھاوپەیمانی "نەسر" کەلەلایەن عەبادی سەرۆکایەتی دەکرێت، سێیەم گەورەترین قەوارەی نێو پەرلەمانی عێراقە و لەکۆی ٣٢٩ کورسی پەرلەمان خاوەنی ٤٢ کورسییە.

 

لەگەڵ ئەوەشدا هاوپەیمانی "سائیروون" وەک لە بەیانەکەی خۆیاندا دەڵێن ئەو مافەیان خستووەتە بەردەم گەل و کەسیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران.

608 جار خوێندراوەتەوە