بەیاننامەی عادل عەبدولمەهدی لەبارەی ئاڵۆزییەکان و بودجەی ساڵی داهاتوو

06:14 - 07/11/2019
عێراق

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ تەنها ژمارە نییە و دەبێت بودجەی داهاتوو کۆی کێشەکانی گوزەرانی خەڵك کەمبکاتەوە یان چارەسەربکات.

 

عادل عەبدول مەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "بەهۆی کێشە کەڵەکەبووەکانەوە و خراپی پلانەکانەوە نزیکەی ٥ هەزار پڕۆژە تەواونەکراون و ئەوەش ڕیژەیەکی بێکاری بەرزی درووستکرد".

وتیشی "پارەیەکی زۆر لە پڕۆژەی تەواو نەکراو و پڕۆژەی بێ خوێندنەوەی ورد بە فیڕۆچووە، لەگەڵ ئەوەش هەر گرفتێک لە بودجەدا درووستبێت پەککەوتنی ئابووری بەدوای خۆیدا دەهێنێت".

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە ئێستا لە هەوڵداین کە بودجەیەک پەسەندبکەین کە کێشەی گوزەرانی خەڵك و بەڕێوەبردن لە وڵاتدا چارەسەربکات".

عەبدولمەهدی زیادیکرد کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قەرزە دەردەکی و ناوەکییەکانی عێراق زیاد دەکات و تەنها بودجەیەکی ڕێک و بەبەرنامە دەتوانێت ئەو کێشانە چارەسەربکات.

770 جار خوێندراوەتەوە