ئەمریکا ئیدانەی کوشتنی خۆپیشاندەرانی عێراق دەکات

05:16 - 06/11/2019
عێراق

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا رایگەیاند، كوشتن و رفاندنی خۆپیشاندەران و هەڕەشەكردن بۆسەر ئازادی رادەربڕین لە عێراق ئیدانە دەكەن و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە بەسەركوتكردنی ئیرادەی گەلەكەی، عێراق هیچ داهاتوویەكی نابێت.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا راگەیەندراوێكی لەبارەی خۆپیشاندانەكانی عێراق بڵاوكردەوە و تیادا هاتووە: "ئەمریكا بەردەوام جەختی كردووەتەوە لەسەر پاڵپشتیكردن لە ئاسایش و گەشەپێدانی عێراق بۆ ئەوەی بەرگریی بكات لە گەلەكەی دژبەو گرووپە تووندانەی كە هەوڵدەدەن زیان بە سەروەریی و دیموكراتی عێراق بگەیەنن".

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو، كە لە كاتێكدا جیهان چاودێری پێشهات و رووداوەكانی عێراق دەكات، كاتی ئەوە هاتووە حكومەتی عێراق و سەركردە سیاسییەكان بەپەلە و بە جددی وەڵامی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران بدەنەوە، كە داوای چاكسازیی دەكەن و راشیگەیاندووە "بە سەركوتكردنی ئیرادەی گەلەكەی، عێراق هیچ داهاتوویەكی نابێت".

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا، باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا ئاماژەی بەوەكردووە كە ئیدانەی كوشتن و رفاندنی خۆپیشاندەران و هەڕەشەكردن بۆسەر ئازادی رادەبڕین و بەردەوامی توندوتیژی لە عێراق دەكات و جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە پێویستە عێراقییەكان ئازاد بن و خۆیان بڕیاری تایبەت لە بارەی داهاتووی وڵاتەكەیان بدەن.

 

لەسەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوان لە بەغدا و شارەكانی دیكەی باشوور بەخۆوە دەبینێت، سەرەتای خۆپیشاندانەكان كە لەیەكی تشرینی یەكەمەوە دەستیپێكرد ماوەی ھەفتەیەكی خایاند، دواتر لە ٢٥ی ھەمان مانگ جارێكی تر خۆپیشاندانەكان دەستیان پێكردەوە و تائێستا بەردەوامییان ھەیە.

داواكاری سەرەتای خۆپیشاندانەكان، باشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان، دابینكردنی ھەلی كار، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بوو، دواتر بەھۆی بەكارھێنانی زەبر و زەنگ لەبەرامبەریان و كوژران و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆر لە خۆپیشاندەران بەو ھۆیەوە، ئاستی داواكانیان گۆڕی بۆ هەڵوەشاندنەوەی حكومەت.

لەبەرامبەردا حكومەتەكەی عادل عەبدولمەھدی زنجیرەیەك بڕیاری بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی راگەیاندووە و بڕیاری لێپرسینەوەشی لەو كەسانەداوە كە بەرپرسبوون لە ئەنجامدانی توندوتیژی و بەكارهێنانی ھێز دژبە خۆپیشاندەران.

459 جار خوێندراوەتەوە