ئەمریکا: لە کێڵگە نەوتییەکانی باکوری سوریا دەمێنینەوە

KNN : Kurdish News Network
01:13 - 21/10/2019
جیهان
+
-

وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، بەمەبەستی پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان لە دەستی داعش و هێزەکانی دیکە، هێزەکانی ئەمریکا و هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان بڵاودەکرێنەوە.

مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا و هەسەدە پێکەوە کێڵگە نەوتییەکانی باکوری سوریا " رۆژئاوای کوردستان" دەپارێزن و رێگەنادەن بکەوێتە دەستی داعش و هێزەکانی دیکە، وەکو ئاماژەیەک بۆ رووسیا و حکومەتی سوریا.

ئەم لێدوانەی وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە نیویۆرک تایمزی راگەیاندووە، "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە ئاراستەی پەسەندکردنی پلانێکی نوێی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا هەنگاودەنێت بۆ مانەوەی یەکەیەکی بچوکی سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان، لەوانەیە ٢٠٠ سەربازی هێزی تایبەت بمێننەوە."

ئەو بەرپرسەی ئەمریکا ئەوەشی بە نیویۆرک تایمز راگەیاندووە، "مانەوەی ئەو سەربازانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و رێگریکردن لە گەیشتنی حکومەتی سوریا و رووسیا بۆ ناوچە نەوتییەکان دەبێت."

روونیشیکردووەتەوە، یەکێکی دیکە لە سودەکانی پەسەندکردنی ئەو پلانە ئەوەیە، رێگە بەکوردەکان دەدات خۆیان پارێزگاری و کۆنترۆڵی لە ناوچە نەوتییەکان لە رۆژئاوای کوردستان بکەن.

نیویۆرک تایمز لە زاری سێ بەرپرسی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە ئەوەی دەستکەوتووە، ئەو پلانە لەلایەن بەرپرسە باڵا و سیاستەمەدارانی ئەمریکاوە تاوتوێ دەکرێت.

دوێنێش دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، نەوتی رۆژئاوای کوردستانیان دەستکەوتووە وەکو ئاماژەیەکی پشێوەخت کە لە کێڵگە نەوتییەکان ناکشێتنەوە، ئەگەر ئەو پلانە پەسەندبکرێت، بڕیاری کشانەوەی تەواوی سەربازانی ئەمریکا لە سوریا هەڵدەوەشێتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی ٧ی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاری کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکای لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند و ئەو بڕیارەش کاردانەوەی ناوخۆی و دەرەوەی لێکەوتەوە، دواتر لە ٩ی مانگ، تورکیا هێرشی سەر رۆژئاوای دەستپێکرد.

4963 جار خوێندراوەتەوە