ڕاگەیەندراوی نێچیرڤان بارزانی لەسەر دۆخی ڕۆژئاوا

KNN : Kurdish News Network
04:23 - 10/10/2019
کوردستان
+
-

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەسەر دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هێرشی سەر ڕۆژئاوا ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە و دەستکەوتەکانی شەڕی داعش دەسڕێتەوە.

 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێت "ئۆپراسیۆنەکە مەترسیدارە، بەتایبەت ئەو گروپە چەکدارە توندڕەوانەی لە ئۆپراسیۆنەکە بەشدارن،. شەڕ، دەرگا بە سەر کوشتار و دەربەدەرى و ئاوارەبوونى خەڵکى سڤیل و دروستبوونى ناسەقامگیرى لە تەواوى ناوچەکەدا دەکاتەوە و هەڕەشە و مەترسیى سەرهەڵدانەوەى تیرۆریش جددیتر و گەورەتر دەکات".

دەشڵێت " ئەمشەڕە دەرەنجامى چاوەڕواننەکراو و مەترسیدارى بۆ ناوچەکە و جیهان لێ دەکەوێـتەوە، بۆیە لەپێناو ڕاگرتنی شەڕ و دروستكردنی ئارامیدا، لە هەوڵى بەردەوامداین و بۆ هەموو نێوانگیری و هاوكارییەك ئامادەین".

سەرۆکی هەرێم ئاماژە بەوەش دەکات "شەڕ و پێکدادان تەنیا ئاڵۆزى و پشێوى و مەترسی لە ناوچەکە زیاد دەکات، دەسکەوتەکانى تێکشکاندنى داعش لەناو دەبات و لە بەرژەوەندیى هیچ لایەنێکدا نابێت، بۆیە داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ئەنجومەنى ئاسایش دەکەین چارەسەرێکى دادپەروەرانە بۆ ئایندەى سووریا بدۆزێتەوە بە جۆرێک مافى هەموو پێکهاتەکانى تیادا پارێزراو بێت و بە جددى ڕۆڵى خۆى بۆ ڕاگرتنى شەڕ و گەڕانەوەى سەقامگیرى و پاراستنى ئاشتى و دیالۆگ و ڕێگەچارەى سیاسى بگێڕێت و ڕێگە نەدرێت خەڵکى سڤیل دەربەدەر و ئاوارە ببن".

2017 جار خوێندراوەتەوە