حکومەتى عێراق لە
ماوەی ٢٤ کاتژمێردا تەنها حەوت کاتژمێر هێڵەکانى ئینتەرنێتى بەردەست دەکات و ئەوەش بۆ
راییکردنى کارى فەرمانگەکان دەبێت.
وەزارەتى پەیوەندییەکانى
عێراق لە راگەیەنراوێکیدا رایگەیاند، " خزمەتگوزارییەکانى ئێنتەرنێت لە کاتژمێر
هەشتى بەیانى تا سێى پاش نیوەڕۆ لە رۆژانى دەوامدا کراوە دەبن و دواتر رادەگیرێن".
ئاماژە بەوەشکراوە، قەدەغەى
سەر تەواوى تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەردەوام دەبێت.
راگرتنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە سەرجەم پارێزگاكانی
عێراق بەردەوامە جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، وێرای ئەوەی کە دوێنێ بۆ
ماوەیەكی دیاریكراو لە شاری بەغدا و پارێزگاكانی باشوور كرانەوە.
هاوکات، تا ئێستا هیچ زانیاری و روونكردنەوەیەك
لەوبارەوە لە لایەن كاربەدەستانی عێراقەوە بڵاونەكراوەتەوە.
لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕین دژ بە گەندەڵی، بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان شاری بەغدا و چەند شارێكی باشوری عێراقی گرتەوە، بەپێی دوایین ئامار كە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بڵاوكراوەتەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە خۆپیشاندانەكاندا كوژراون، گەیشتووەتە ١٦٥ كەس، هەروەها زیاتر لە شەش هەزار و ١٠٧ كەسی دیكە برینداربوون.
753 جار خوێندراوەتەوە