حکومەتی عێراق چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

KNN : Kurdish News Network
11:51 - 06/10/2019
عێراق
+
-

بەمەبەستی رازیکردنی خۆپیشاندەران و هێوردکردنەوەی دۆخی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق، ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێکی دەرکرد و بڕیاریدا موچەی مانگانە بداتە بێکاران و ١٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروستبکات و ١٧ هەزار زەوی بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشبکات.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی، شەوی رابردوو کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کرد و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە واڵاکردنی دەرگای ناو تۆمارکردن بۆ وەرگرتنی زەوی نیشتەجێبوون کە تایبەتن بە کەسانی کەمدەرامەت لە هەموو پارێزگاکاندا و لە ماوەی چوار هەفتەدا ١٧ هەزار زەوی نیشتەجێبوون لە پارێزگای بەسەرە دابەشبکات.

هاوکات، بڕیاردراوە لە بودجەی 2020دا قەرزی بێسوو بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بدرێتە هاووڵاتیان و 100 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە هەموو پارێزگاکاندا دروستبکرێت.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا بۆ سێ مانگ بڕی 175 هەزار دینار وەک موچەی مانگانە بداتە 150 هەزار بێکار کە توانای کارکردنیان نییە، لە سەرتاسەری عێراق و بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژە 78 ملیار و 500 ملیۆن دینار تەرخان دەکات.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هاوکات بڕیاری دا وەزارەتی بەرگریی لە بەرواری 15ـی ئەم مانگەوە دەرگای خۆبەخشی بۆ گەنجان لە تەمەنی 18 ساڵی بۆ 25 ساڵی بکاتەوە و وەزارەتی پەروەردە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ وانەبێژە خۆبەخشەکان، وەزارەتی کشتوکاڵ رێوشوێنی یاسایی بگرێتەبەر بۆ لێخۆشبوون لە قەرزی کرێی زەوییە کشتوکاڵییەکان لەسەر جووتیاران تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی داهاتوو.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا موچەی چاودێری کۆمەڵایەتی بدات بە ٦٠٠ هەزار خێزان و قوربانیانی خۆپیشاندانەکان لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان بە شەهید هەژمار دەکرێن و خێزانەکانیان موچە و دەرماڵەی شەهید وەردەگرن.

 

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دژ بە گەندەڵی، بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان شاری بەغدا و چەند شارێكی باشوری عێراقی گرتەوە و تاوەکو ئێستە بەردەوامە، لە خۆپیشاندانەکاندا ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا روویدا و بە هۆیەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ كەس كوژراون.

2327 جار خوێندراوەتەوە