بەفەرمانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، قەدەغەی هاتوچۆ لە
بەغدای پایتەخت و چەند شارێکی دیکە هەڵگیرا.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، لەسەر فەرمانی عادل
عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کاتیژمێر پێنجی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە قەدەغەی
هاتوچۆ لە بەغدا و چەند شارێکی دیکەی باشوری عێراق هەڵگیراوە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەی
رابردوووە وەك هەوڵێك بۆ دامركاندنەوەی خۆپیشاندانەكان، قەدەغەی هاتوچۆ لە شارەكانی
بەغدا و ناوەند شارەكانی زیقار، میسان و نەجەف راگەیەندرا و تاوەکو
ئەمڕۆ بەردەوام بوو.
ئەم فەرمانەی عادل عەبدولمەهدی دوای ئەوە هات كە
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دژ بە گەندەڵی، بێكاری
و خراپی خزمەتگوزارییەكان شاری بەغدا و چەند شارێكی باشوری عێراقی گرتەوە، ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا روویدا و بە هۆیەوە تا ئێستا
٦٠ كەس كوژراون.
859 جار خوێندراوەتەوە