ئەو نیشانانەی لێو کە ئاماژەن بۆ توشبوون بە نەخۆشی

KNN : Kurdish News Network
02:54 - 03/10/2019
تەندروستی
+
-

لێوەکان زیاتر لە سەری پەنجەکان هەستیارترن و ملیۆنان خوێنبەریان هەیە هەربۆیە پێویستیان بە چاودێریی باش هەیە و لە هەندێک حاڵەتدا بوونی چەند نیشانەیەک لەسەر لێو ئاماژەن بۆ کۆمەڵێک نەخۆشی.

لە بابەتێکی تەندروستیدا ماڵپەڕی برایتساید ئاماژەی بە کۆمەڵێک نیشانە کردووە، کە ئەگەر لەسەر لێو دەرکەوتن ئاماژەن بۆ ئەم نەخۆشییانە:

 

بوونی پەڵەی ڕەش لەسەر لێو
 
ڤایرۆس هۆکارە بۆ دروستبوونی ئەو جۆرە پەڵەیە، لە باشترین حاڵەتدا سەردانی پزیشک بکرێت بۆ دروستنەبوونی گرفتی تەندروستی.

قڵیشانی لاکانی لێو

هۆکارەکەی وشکبوونەوەی جەستە و شێداری ئەو بەشەی لێوە، کە ڤایرۆسی گرتووە، باشترە لەم دۆخەدا سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەیت.

وشکبوونەوە و قڵیشانی لێو

کەمبوونەوەی شێداریی جەستەیە، دەکرێت بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو لە جەستە و ماندوێتییەوە ڕووبدات، لەم دۆخەدا باشترە کرێمی شێدارکەرەوە بەکاربهێنیت لەگەڵ خواردنەوەی ئاو.

بوونی بڵق لەسەر لێو "تامێسک"

زۆرکات بێزاری بۆ کەسەکە و ئازار دروستدەکات، بەڵام لە هەندێک کاتدا بێ زیانە و پاش ماوەیەک خۆی بەبێ دەرمان چاک دەبێتەوە، هەندێک کات بەهۆی هەستیاری یان ڤایرۆسەوە دروستدەبێت، لەم کاتەدا پێویستی بە دەرمانی پزیشکە.

سوربوونەوەی چواردەوری دەم و لێو

دیارترین هۆکاری هەوکردنی لێوەکانە، زۆر دووبارەبوونەوەی وشکبوونی لێو دەبێتەهۆی سوربوونەوەی دەوری دەم و دروستبوونی خوران، بە کرێمی شێدارکەرەوە یان زەیتی رووەکی چارەسەر دەبێت.

چرچبوونی بەشی سەرەوەی لێو

ئەگەر زیاترلە جارێک رووبدات، هۆکاری سۆزداری و جەستەییە، ئاگاداری خووە خراپەکانی ڕۆژانەبە، وەک بەکارهێنانی قەسەب لەکاتی ئاو یان شەربەت خواردنەوە، جگەرەکێشان و ماندوێتی زۆر.

تێکچوونی ڕەنگی لێو

شیبوونەوەی لێو ئاماژەیە بۆ نەگەیشتنی ئۆکسجینی پێویست بۆ خوێن بەهۆی خراپبوونی سوڕی خوێنەوە، ئەگەری هەیە بەسەر پەنجەکانی دەست و قاچدا ڕووبدات، سپیبوونی لێو مانای کەمخوێنییە، ئەگەری هەیە کەمبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا و خراپی سوڕی خوێن و کەمی ڤیتامینەکان رەنگی لێو بگۆڕێت، لەم دۆخەدا سەردانی پزیشک بکرێت باشترە.

ئاوسانی لێو

زۆربەی کات بەهۆی هەستیاریی توندەوە ڕوودەدات، چ بەهۆی خۆراک یان کەرەستەیەکی جوانکارییەوە بێت، چارەسەری پزیشک باشترین ڕێگەیە.

 
4403 جار خوێندراوەتەوە