ads top

تانەی داواكاری گشتی دەربارەی بڕیاری ئازادكردنی دەمیرتاش ڕەتكرایەوە

05:35 - 11/09/2019
کوردستان

دادگای سزا قورسەكانی ئەنقەرە لە توركیا, داوایەكی داواكاری گشتی ئەو وڵاتەی دژ بە بڕیاری ئازادكردنی هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە, ڕەت كردەوە.
 
ئاژانسەكانی هەواڵی توركیا, بڵاویان كردەوە, پاش ئەوەی داواكاری گشتیی ئەو وڵاتە, دژ بە بڕیاری ئازادكردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان, هەدەپە, پێشكەش كردوە, بەڵام لە لایەن دادگای سزا قورسەكانی ئەنقەرەوە داواكەی ڕەت كراوەتەوە.

ئاماژە بەوەش كراوە, لە تانەكەی داواكاری گشتیی توركیادا هاتووە, دەمیرتاش, ئەندامێكی ڕێكخراوی تیرۆریستییە و پشتیوانیی تیرۆر دەكات, لە وەڵامی ڕەتكردنەوەی تانەكەدا, دادگای ئەنقەرە, ئەوەی خستوەتەڕوو، بڕیاری ئازادكردنەكەی دەمیرتاش لەو دۆسیەیە بڕیارێكی یاساییە و هاوتەریبە لەگەڵ دەستوور, ئەگەر دەمیرتاش تەنها لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیركرابێت، دەبێت ئازاد بكرێت.

پاش نزیكەی سێ‌ ساڵ لە زیندانیكردنی, سەلاحەدین دەمیرتاش, هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە, لەلایەن توركیاوە, ڕۆژی 2ی ئەم مانگە, دادگای سزا قورسەكانی ئەنقەرە, لەسەر دۆسیەی تیرۆر, دوای چەند جارێك لە دادگاییكردنی بڕیاری ئازادبوونی لەو دۆسیەیە بۆ دەرچوو, بەلام هێشتا هەر لە زینداندایە.

1112 جار خوێندراوەتەوە