ads top

وێنە... گەنجێکی کورد "تەقسیمێکی کارەبایی زیرەک" دروستدەکات

03:05 - 06/09/2019
زانستی

گەنجێکی دانیشتووی شاری سلێمانی سەرقاڵی برەودانە بە تواناکانی خۆی لە بواری ئەلیکترۆن و کارەبا، لەو چوارچێوەیەشدا ھەستاوە بە دروستکردنی تەقسیمێکی کارەبایی زیرەک کە دەتوانرێت لە دوورەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت.

ئالان محێدین قوتابی بەشی فیزیایی زانکۆی ھەڵەبجەیە، ئەو وەک خۆی دەڵێت لە منداڵییەوە خولیای بواری کارەبایی و کۆمپیوتەر بووە، لەو چوارچێوەیەشدا کۆمەڵێک کار و پڕۆژەی ھەبووە لە سۆفتوێر و ھاردوێر.

دوایین کاری ئالان دروستکردنی تەقسیمێکی کارەبایی زیرەکە کە کۆمەڵێک تایبەتمەندی لەخۆگرتووە و لەوبارەوە دەڵێت "جیاوازی ئەم تەقسیمە لەگەڵ تەقسیمێکی ئاسایی ئەوەیە کە ئاساییەکە کارەبای 220 ڤۆڵتی پیادا تێپەڕ دەبێت و ھەر سێ پلاکەکەی لە یەک کاتدا کاری دەکرد، بەڵام ئەم تەقسیمە واملێکردووە عەقڵەکەی بە پێنج ڤۆڵتی DC کار دەکات و لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکەوە بە کۆنتڕۆڵ لە رێگەی مۆبایلەوە کار دەکات، ھەروەھا ھەر پلاکێکی بە جیا کار دەکات و کراوە بە پلاکی A , B , C و لەگەڵ داگیرساندن و کوژاندنەوەی بە دەنگ ئاگادارت دەکاتەوە".

ئەو دەڵێت "تەقسیمەکە کۆمەڵێک تایبەتمەندی تری ھەیە، لەوانەش لەکاتی شەحنکردنەوەی لاپتۆپدا ئەگەر رێژەی شەحنەکەی گەیشتە سەرووی لە90٪ ئەوا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی پلاکەکە دەکوژێتەوە، ھەروەھا کە دابەزی بۆ لەسەدا ١٠ بۆ خۆی پلاکەکە ھەڵدەکاتەوە تا شەحن بکاتەوە، جگە لەوەش وا بەرنامەی کراوە کە ئەگەر ماتۆڕی ئاوی تانکی سەربانی لێدرا بە ھاتنەوەی ئاو کار دەکات و دواتر بە پڕبوونی تانکییەکە پلاکی ماتۆرەکە بۆ خۆی دەکوژێتەوە".

ئالان محێدین ئاماژە بەوەش دەکات، سوودێکی تری تەقسیمەکەی ئەوەیە کە دەتوانرێت کاتی بۆ دابنرێت و بۆ شەحنکردنەوەی ھەر ئامێرێک چەند کاتژمێری بوێت بۆی دیاری بکرێت و دواتر دەکوژێتەوە. ئەو چەند پڕۆژەیەکی تری لە بواری سۆفتوێر ھەیە و باس لەوە دەکات ئەگەر لایەنە بەرپرسەکان ھاوکاری بکەن ئەو پڕۆژانەی سوودی گەورەیان دەبێت بەتایبەت بۆ وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە.

 

3545 جار خوێندراوەتەوە