ناحیەی خورماڵ دەکەوێتە باکوری رۆژھەڵاتی ھەڵەبجە و بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافی و گەڕاوەکەیەوە بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری و رۆژانە خەڵک لە شارەکانی تری ھەرێمی کوردستان و عێراق، تەنانەت وڵاتانی دەرەوەش سەردانی دەکەن و ئاوەکەی وەک چارەسەرێک بۆ نەخۆشییەکانی پێست بەکاردەھێنن. رۆژانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە گەورە و بچووک، ژن و پیاو لە بەردەم گەڕاوەکەدا نۆرەیان گرتووە و دەچنە نێو گەڕاوەکەوە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانیان بەتایبەت پێست، ھەموو ئەو کەسانەش پێشتر سوودیان لەو ئاوە وەرگرتووە بۆ چارەسەر یان لەسەر راسپاردەی کەسێکی تر ھاتوون کە پێشتر بۆ ھەمان مەبەست ھاتووە و سوودی وەرگرتووە.
لەنێو ناحیەی خورماڵ ئاوی گەڕاوی خورماڵ بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی پێست ھەیە، گەڕاوەکە ئاوێکی کانزایی سروشتی ھەیە کە بەھۆی بوونی کانزاکانی گۆگرد، کبریت و فسفۆر تیایدا رەنگی ئاوەکە شینێکی کاڵە و بۆنێکی تایبەتی ھەیە کە لە بۆنی ھێلکەی کوڵاو دەچێت. ئەم گەڕاوە مێژوویەکی کۆنی ھەیە و چەندین تایبەتمەندی لەخۆدەگرێت، لەوانە پلەی گەرمی بەرزترە لە ئاوی ئاسایی، ساڵانەش باران ببارێت یان نەبارێت ئاستی ئاوەکە وەک خۆیەتی و کەم و زیاد ناکات. ماوەی چەندین ساڵە گەڕاوەکە بووەتە شوێنێک بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی پێست و خەڵکی لە ناوچەکانی تری ھەرێمی کوردستان و عێراق، تەنانەت وڵاتانی دەرەوەش سەردانی دەکەن بە ئامانجی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی پێست، زۆربەی ئەوانەش سەردانیان کردووە باس لەوە دەکەن نەخۆشییەکەیان چارەسەر بووە. لە ساڵی 2014ەوە بەرپرسانی ئیداری ناوچەکە پڕۆژەی خزمەتگوزارییان لەسەر گەڕاوەکە دروستکردووە تاوەکو ژمارەیەکی زۆرتر لەو کەسانە لەخۆبگرێت کە رۆژانە سەردانی دەکەن. عەلی ئەحمەد سەرپەرشتیاری گەڕاوەکە دەڵێت "رۆژانە ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە گەورە و بچووک سەردانی گەڕاوەکە دەکەن و لە کۆنەوە ئەم ئاوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی پێست بەکارھاتووە و ئەو کەسانەی کێشەی هەستیاری و پێستیان ھەبووە وەک چارەسەر ئاوەکەیان بەکارھێناوە و خۆیان پێ شوشتووە". ئەو گوتیشی: "ئەو کەسانەی سەردانی ئەم گەڕاوە دەکەن تەنھا دانیشتوانی ناوچەکە نین، بەڵکو لە شارەکانی تری ھەرێمی کوردستان و عێراق تەنانەت ئێران و تورکیاش کە بۆ گەشتوگوزار سەردانی ناوچەی ھەورامان دەکەن سەردانی ئەم گەڕاوەش دەکەن". سەرچاوەی ئاوی گەڕاوەکە لە سێ کانییەوە ھەڵدەقوڵێت، ھەروەھا دوو ژووری تایبەت بۆ پیاوان و ئافرەتان کراوە و دەتوانن لەنێو حەورزەکاندا مەلە بکەن یان بە ئاوەکە خۆیان بشۆن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانیان. محەمەد کەریم کە لەگەڵ ئەندامانی تری خێزانەکەی لە سلێمانی-یەوە ھاتبوونە گەڕاوەکە باسی لەوە کرد کە پێشتریش سەردانی کردووە و سوودی لێوەرگرتووە، ھەروەھا لەگەڵ خۆیشی چەند دەبەیەک ئاو دەباتەوە تاوەکو لە ماڵەوە بەکاری بھێنێت و زیاتر سوودی لێوەرگرێت.