ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گڵۆپی سەوز بۆ پڕچەككردنی هێزی ئاسمانیی وڵاتەكەی هەڵدەكات

09:34 - 24/08/2019
عێراق

عێراق باڵیۆزی ئەمریكا بانگهێشت دەكات


بۆ ڕێگریی لە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵات، عێراق باڵیۆزی ئەمریكا بانگهێشت دەكات، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانییش گڵۆپی سەوز بۆ پڕچەككردنی هێزی ئاسمانیی وڵاتەكەی هەڵدەكات. 


محەمەد عەلی حەكیم وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیێنێت: بۆ ڕێگری لە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵات، هەموو ڕێوشوێنێكی دبلۆماسی و یاسایی دەگرنەبەر، بۆ ئەو مەبەستە ماسیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق بانهێشت كراوەو لەوە ئاگادار كراوەتەوە كە عێراق ڕێگە بە فڕینی هیچ فڕۆكەیەك نادات، بێ  ئاگاداری بەسەر ئاسمانی وڵاتەكەیدا بفڕێت.


هاوكات لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق كە بە سەرۆكایەتیی عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بەڕێوەچوو،  گڵۆپی سەوز بۆ پڕچەككردنی هێزی ئاسمانیی عێراق هەڵكراوەو چەند بڕیارێكی تریش دراون لەوانە، ڕێگری لە فڕینی هەر فڕۆكەیەك بێ مۆڵەتی حكومەت، بەسەر ئاسمانی ئەو وڵاتەوەو گواستنەوەی چەك و تەقەمەنی بۆ شوێنی سەلامەت لە دەرەوەی شارەكان.

98 جار خوێندراوەتەوە