ژاپۆن؛ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ڕاوێژكاران بەرێوەچوو

KNN : Kurdish News Network
10:45 - 22/07/2019
جیهان

هاوپەیمانیەكەی شینزۆ ئابی زۆرینەی دەنگەكانی مسۆگەر كردووە

پاش بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ڕاوێژكارانی ژاپۆن,  شینزۆ ئابی سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەوەی كە هاوپەیمانیەكەی توانیویەتی زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنەكە بۆ خۆی مسۆگەر بكات.


دوێنێ یەكشەممە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ڕاوێژكارانی ژاپۆن بەڕێوەچوو و ئەنجامە بەراییەكان دەریدەخەن كە هاوپەیمانییەكەی شینزۆ ئابی سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە زیاتر لە 124 كورسی ئەنجومەنەكەی بۆ خۆی مسۆگەركردووە.

شینزۆ ئابی لە مەراسیمێكی تایبەتدا، ناوی بەشێك لەو كاندیدانەی پارتەكەی ئاشكراكرد، كە لە هەڵبژاردنەكەدا سەركەوتوو بوون و ڕایگەیاند، بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەكانی ئەنجومەنەكە نیشاندەری رەزامەندیی هاوڵاتیانە لە سیاسەتە پەیڕەوكراوەكەپانی چەند ساڵی رابردووی هاوپەیمانییەكەی.

هاوكات ناوبراو ئاشكرایكرد، كە ئامادەنییە لە خولی داهاتوودا بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران خۆی كاندید بكاتەوە، كە بڕیارە ساڵی 2021 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامبدرێت.

614 جار خوێندراوەتەوە