به‌وێنه‌: مەیدانی دارەکەی سلێمانی

KNN : Kurdish News Network
09:38 - 12/06/2019
گەلەری
+
-

مەیدانی دارەکەی سلێمانی جێگایەکی دیاری شارەکەیە و نزیکەی ٢٥٠ کاسبکار رۆژانە لەم جێگایەدا کاری کڕین و فرۆشتنی دار دەکەن.


مەیدانی دارەکەی سلێمانی مێژوویەکی کۆنی لە شارەکەدا ھەیە و لەسەرەتای بنیاتنانی سلێمانییەوە کاسبکاران لە شوێنێکی تایبەتدا کاری کڕین و فرۆشتنی داریان کردووە، بەپێی بەرفراوانبوونی شارەکەش تا ئێستا چەند جارێک شوێنی مەیدانی دارەکە گواستراوەتەوە.

لەئێستادا لە دەرەوەی شاری سلێمانی و لە ناوچەیەکی نێوان سلێمانی و شارۆچکەی عەربەت، شوێنێکی تایبەت بۆ کاسبکارانی ئەم بوارە دیاری کراوە و نزیکەی ٢٥٠ کاسبکار رۆژانە لەم جێگایەوە سەرقاڵی مامەڵەکردنی کڕین و فرۆشتنی دارن.

رۆستەم ساڵح،کاسبکارێکی مەیدانەکە لە بارەی مێژووی مەیدانەکە و کڕین و فرۆشتنی دار لە سلێمانی وتی، کاتی خۆی ئەم کارە لە رێگەی وڵاغەوە کراوە و چەند دارێکیان دەھێنایە سلێمانی بە تایبەتی داری بەڕوو بۆ سووتاندن و خەڵووز و لە شوێنێکدا کۆیان دەکردەوە بەتایبەت لە گومرگە سوتاوەی سلێمان کە خان بوو، دواتر دەخرایە مەزادەوە و کڕیارێک ئەو دارانەی دەکڕی بۆ سووتاندن و خەڵووز بۆ کەبابخانەکان بەکاریان دەھێنا.

وتیشی: لە کاتی کۆندا زۆربەی دارەکان لە ناوچەی شارباژێڕەوە و بە وڵاغ بەیانییان زوو دەھێنرایە سلێمانی، بەڵام ئێستا ئەو دارانەی دەھێنرێتە ئەم مەیدانە زیاتر لە تورکیا و ئێرانەوە دەھێنرێت.
 
بەشی زۆری ئەو دارانەی لەم جێگایەوە مامەڵەیان پێوە دەکرێت رەوانەی دەرەوەی شاری سلێمانی و شارەکانی تری عێراق دەکرێن لە بواری جۆراوجۆردا بەکار دەھێنرێن.=

1203 جار خوێندراوەتەوە