نەدا شاكر: هەڵگرتنی بەخشینی بەغدا لە سزاكانی سەر ئێران عێراق دووچاری قەیران دەكاتەوە
پەرلەمانتارێكی عێراق هۆشداریی دەدات، لە ئەگەری سەرهەڵدانی قەیرانێكی گەورە لە بواری وزەداو داواش لە سەرۆك وەزیران دەكات، جێگرەوەیەك بۆ هاوردەكردنی وزەی كارەبا و سوتەمەنی ئێرانی بدۆزێتەوە.
نەدا شاكر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ئاژانسی ئەخبارییەی راگەیاند: ئەگەر حكومەتی عێراق، نەتوانێت كارەبا و گازی سروشتی لە ئێران هاورد بكات و هیچ جێگرەوەیەكیش بۆ ئەو مەبەستە نەدۆزێتەوە، رووبەڕووی گەورەترین كارەسات دەبێتەوەو راشیگەیاند: رێژەیەكی زۆری پێداویستی كارەبا و سوتەمەنی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێت.
ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وتیشی: ئەگەر ئەمریكا بەخشینی عێراق لە سەپاندنی سزاكانی بەسەر ئێراندا هەڵبگرێت و حكومەتی بەغدا بێبەش بكات لە هاوردەكردنی كارەبا و سوتەمەنی لە ئێران، ئەوا دەرئەنجامەكەی، كارەساتێكی گەورە دەبێت و زیانێكی گەورەش بەكەرتی خزمەتگوزاری دەكەوێت.
ئاماژەی بەوەش كرد: عێراق بەرگەی زیاتری قەیرانی ئابووری، سیاسی و ئەمنی ناگرێت و چیتر شەقامیش بەرامبەر كەمتەرخەمییەكانی دەسەڵاتداران، بیدەنگ نابێت.
601 جار خوێندراوەتەوە