پارتی: یەكێتی پشتی لە ڕێككەوتنەكان كردووه‌

KNN : Kurdish News Network
05:53 - 28/05/2019
کوردستان

مه‌حمود محه‌مه‌د، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند،  حزبه‌كه‌ی هەر لەسەرەتاوە تێگەییشتنی بۆ كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی هەبووە و یه‌كێتی پشتی له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوانیان كردووه‌.

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ تیایدا یه‌كێتی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نه‌كرد و نێچیرڤان بارزانی تێدا به‌سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵبژێردرا و ده‌ڵێت،  لەسەرەتاوە یەكێتی ئامانجیان بووە كە پڕۆسەی سیاسیی دوا بخرێت و پەك بخرێت و بە ئەنجام نەگات.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، پارتی سیاسەتی پشوودرێژی و ئاسانكاری لەبەرانبەر یەكێتی گرتەبەر.

وتەبێژی پارتی ئه‌وه‌شی وتووه‌، لەگەڵا یەكێتی لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگارێك بۆ كەركوك رێككەوتین و مەسعود بارزانی ‌و كۆسرەت رەسوڵ رێكەوتن لەسەر ئەوەی فەرەیدون عەبدولقادر ببێتە پارێزگاری كەركوك.

مه‌حمود محه‌مه‌د ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، شەوی رابردو ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ناوی سێ‌ كاندیدی تری بۆ ناردوین.

ئه‌مه‌ش دەقی ڕوونكردنەوەكەی پارتی:
هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان..

هەروەك هەموو لایەك ئاگادارن، لەدوای پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان لە ٣٠ـی ٩ـی ٢٠١٨ و، لەدوای تەواوبوونی ڕێكارە یاساییەكانی هەڵبژاردن و ئاكامەكانی، پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانی بە پشوودرێژی گفتوگۆكانی لەگەڵ لایەنەكان لە مانگی ١١ـی ٢٠١٨ـیەوە دەست پێ كرد. بۆ ئەوەی تەبایی و یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان بپارێزرێت و ڕێگە لە هەر كەلێنێك لە پڕۆسەی پێكهێنانی دامودەزگە شەرعییەكانی هەرێم بگیرێت. هەروەها لەپێناو ئەوەی پڕۆسەی سیاسیی هەرێم ڕهەندێكی نیشتیمانیی بەرفراوان وەربگرێت، پارتی سەردانی هەموو لایەنەكانی كردووە و خەڵكی كوردستان و هەموو لایەك شاهیدی ئەو پشوودرێژی و نیازپاكییەی پارتی دیموكراتی كوردستانن.

لە سۆنگەی بڕوابوون بە بنەماكانی بەرپرسیارێتیی هاوبەش لە جومگەكانی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان و خزمەتكردنی زیاتری گەلەكەمان و پڕۆسەی چاكسازی، لە ٤ـی ٣ـی ٢٠١٩ لەگەڵ برایانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ڕێككەوتنێكمان ئیمزا كرد. هەروەها بۆ ڕەچاوكردنی پڕەنسیپی شەراكەت لە ٥ـی ٥ـی ٢٠١٩ ڕێككەوتنێكی تر لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئیمزا كرا لەسەر ئەو پشك و پێگانەی كە یەكێتی لە حكوومەتی داهاتووی كوردستان وەری دەگرێت.

هەروەها لە ڕێكەوتی ٤ـی ٣ـی ٢٠١٩ لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی مێژوویی و پەرۆشی بۆ كەركووك و ناوچەكانی ماددەی ١٤٠، بە تایبەتیش لەدوای ڕووداوە شوومەكەی ١٦ـی ئۆكتۆبەر، لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەسەر دیاریكردنی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركووك ڕێككەوتین. بە جۆرێك كە هاوتەریب لەگەڵ پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم هەنگاوی پێویستیش بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پارێزگای كەركووك بەدانانی پارێزگاریشەوە بنرێت، ئەویش بەپێی ڕێككەوتنی نێوان بەڕێزان سەرۆك بارزانی و كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی.

 لەدوای ڕاگۆڕینەوە و گفتوگۆی نێوانیان، هەردوو بەڕێزیان لەسەر دیاریكردنی بەڕێز فەرەیدوون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك ڕێك كەوتبوون.

هەروەها سەربارەت بە پۆستی وەزیری دادی عێراق لێكتێگەییشتن و ڕێككەوتن لەنێوان سەرۆك بارزانی و بەڕێز كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی هەبووە لەسەر دیاریكردنی كەسێكی كوردی بێلایەن بۆ ئەم پۆستە و پارتی و یەكێتی پابەندی ئەو ڕێككەتنە بن. كەچی كاتژمێر دەی دوێنێ شەو سەكردەیەكی یەكێتی سێ ناوی تری بۆ پارێزگاری كەركووك بۆ ئێمە ناردووە كە ئەمە پێشێلكردنی ڕێككەوتن و بەڵێنەكان بووە.

بە داخەوە برادەرانی یەكێتی بە بێی ڕەچاوكردنی بارودۆخی هەستیاری هەرێم و بە پشتگوێخستنی چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستان و ئیرادەی گەل، پشتیان لە ڕێككەوتنەكان كرد و ئامادەی دانیشتنی پارلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم نەبوون، هەروەكچۆن پێشتریش پشتیان لە ڕێككەوتن كرد و بەشداری كۆبوونەوەی ١٨ـی ٢ـی ٢٠١٩ـی پارلەمانی كوردستان نەبوون.

پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لەسەرەتاوە تێگەییشتنی بۆ كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی هەبووە و لەو ڕوانگەییشەوە سیاسەتی پشوودرێژی و ئاسانكاری لەبەرانبەر یەكێتی گرتەبەر. هەر ئەوەیش بووە هۆی دواكەوتنی پێكهێنانی دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان كە ئەو دواكەوتنەیش زیانی بۆ پێگەی هەرێم و پڕۆسەی سیاسی هەبووە بە تایبەتی كە كوردستان و عێراق و ناوچەكە بە بارودۆخێكی هەستیاردا گوزەر دەكەن و پێویستیمان بە حكوومەتێكی بەهێز و ناوماڵێكی تەبا و یەكڕیز بۆ كوردستان هەیە.

بەداخەوە پشتكردنی برایانی یەكێتی لە ڕێككەوتنەكان و هەوڵدان بۆ كاتكوشتن لە چەند مانگی ڕابردوو ئەو گومانەیش دروست دەكات كە هەر لەسەرەتاوە ئەوان ئامانجیان بووە كە پڕۆسەی سیاسیی دوا بخرێت و پەك بخرێت و بە ئەنجام نەگات.

لەگەڵئەوەیشدا پێمانوایە كە هەڵوێستی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان خزمەتی پڕۆسەی سیاسی ناكات و هەستیاریی قۆناغەكە و چاوەڕوانیی خەڵك و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددیات ئەوەمان لێ دەخوازێ كە پڕۆسەی پێكهێنانی دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت و بگاتە ئەنجام و كۆتایی.


1420 جار خوێندراوەتەوە