بەپەلە

ads top

سبه‌ی‌ خولی‌ نۆیه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا بۆ ماوه‌ی‌ 4 رۆژ به‌ڕێوه‌ده‌چێت

08:41 - 22/05/2019
جیهان

یه‌كێتیی ئه‌وروپا: هاوڵاتییان 751 كه‌س وه‌كو نوێنه‌ری‌ خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن
یه‌كێتیی ئه‌وروپا: 427 ملیۆن كه‌س مافی به‌شداریكردنیان هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان

سبه‌ی‌ پێنجشه‌ممه‌، خولی‌ نۆیه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا بۆ ماوه‌ی‌ 4 رۆژ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و تا 26 مانگ ده‌خایه‌نێت، له‌ كۆی‌ 515 ملیۆن هاوڵاتی، 427 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌ و ده‌نگده‌ران 751 كورسی په‌رله‌مان یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی‌ پێنج ساڵی داهاتوو...

هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا به یه‌كێك له گه‌وره‌ترین پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن داده‌نرێت له‌جیهاندا له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هیندستان و چین.

دانیشتوانی هه‌ر 28 وڵاته‌كه‌ی‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا، زیاتر له‌ 515 ملیۆن كه‌سه‌، له‌وانه‌ 427 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا هه‌یه‌، هه‌ر پێنج ساڵ جارێكیش، هاوڵاتیانی وڵاتانی ئه‌ندام له‌ یه‌كێتیه‌كه‌، رووده‌كه‌نه‌ سندوقه‌كانی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی 751 كه‌س وه‌كو نوێنه‌ری گه‌لانی یه‌كێتی ئه‌وروپا.

هه‌رچه‌نده‌  له‌راپرسیه‌كدا گه‌لی‌ به‌ریتانیا، له‌ ساڵی 2016دا بڕیاریاندا له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا، بچنه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ تائێستا ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، ئه‌و وڵاته‌ش به‌شداری‌ له‌م خوله‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا ده‌كات.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ 28 وڵات پێكدێت، به‌ڵام به‌پێی رێژه‌ی‌ دانیشتوان و به‌هێزی ئابوری‌ و سه‌ربازییه‌وه‌، حه‌وت وڵات زۆرترین نوێنه‌ریان هه‌یه‌ له په‌رله‌مانی یه‌كێتیه‌كه‌و و رۆڵی گرنگیان هه‌یه.

كورسیه‌كانی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا به‌مشێوه‌یه‌ به‌سه‌ر هه‌ر 28 وڵاته‌كه‌ی‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا دابه‌ش كراون:

نوێنه‌رانی وڵاتانی ئه‌وروپا له‌ په‌رله‌مانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا:
ئه‌ڵمانیا؛ 96 ئه‌ندام
فه‌ره‌نسا؛ 79 ئه‌ندام
ئیتاڵیا؛ 76 ئه‌ندام
به‌ریتانیا؛ 73 ئه‌ندام
ئیسپانیا؛ 59 ئه‌ندام
پۆڵه‌ندا؛ 52 ئه‌ندام
رۆمانیا؛ 33 ئه‌ندام
سوید؛ 20 ئه‌ندام
دانیمارك؛ 13 ئه‌ندام
فینله‌ندا؛ 13 ئه‌ندام
هه‌ریه‌ك له‌ قوبرس، لوكسۆمبۆرگ، ماڵتا؛ 6 ئه‌ندام

كورسییه‌كانی دیكه‌ش به‌سه‌ر وڵاتانی دیكه‌ی‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا دابه‌ش كراون

سیستمی نوێنه‌رایه‌تیكردن له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێك ده‌گۆڕێت، له ئیتاڵیا هه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانێك نوێنه‌رایه‌تیی ناوچه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی خۆی ده‌كات، له‌كاتێكدا ئه‌ندامێكی نوێنه‌ری ئه‌ڵمانیا له په‌رله‌مانی ئه‌وروپا، نوێنه‌رایه‌تیی سه‌رجه‌م وڵاته‌كه‌ی‌ ده‌كات.

به‌هه‌مانشێوه‌، ئه‌و بابه‌تانه‌ی ده‌بنه خاڵی ململانێ له هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌وروپا، له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێك ده‌گۆڕێت و كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌نجامی ده‌نگه‌كانی پارت و ته‌وژمه سیاسیه‌كانی ئه‌وروپا ده‌بێت..

له به‌ریتانیا، پرسی بریگزیت، كه‌ قه‌یرانێكی گه‌وره‌ری‌ له‌و وڵاته‌دا دروست كردوه‌، ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كاتالۆنیا له ئیسپانیا، قه‌یرانی ئابوری و سیاسی فه‌ره‌نساو خۆپیشاندانی هێله‌كزه‌رده‌كان، پرسی كۆچبه‌ران له‌ ئه‌ڵمانیا، پرسی باج له‌ئیتاڵیا، كێشه‌كانی ره‌گه‌زپه‌رستی و تیرۆریزم و چه‌ندان كێشه‌ی تر له‌ وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا، كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ده‌نگدان‌و ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌بێت.

له به‌ریتانیا، هه‌مو وتوێژه‌كان له‌ ده‌وری بابه‌تی بریگزیت و بابه‌تی ڕێوشوێن و میكانیزمی چونه‌ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیایه له یه‌كێتیه‌كه، ده‌سوڕێنه‌وه‌.

ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌وروپا، بڕیار له‌سه‌ر بودجه‌ و سیاسه‌ت و ستراتیژی‌ یه‌كێتییه‌كه ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئه‌وروپا هه‌ڵده‌بژێرن.

هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا له‌ماوه‌ی‌ چوار رۆژدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌هه‌مان رۆژدا له‌سه‌رجه‌م وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ڕێوه‌ناچێت، له‌ به‌ریتانیاو هۆڵه‌ندا له‌رۆژی‌ یه‌كه‌م به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌و له‌ وڵاتانی دیكه‌ش له‌ دوو رۆژی دواتر.

ئه‌نجامی ده‌نگدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئه‌وروپا ئاشكرا ناكرێت، تاوه‌كو سه‌رجه‌م وڵاته‌كان ده‌نگ ده‌ده‌ن و له‌كۆتا رۆژی‌ ده‌نگداندا له‌ كاتژمێر 10ی شه‌و، ئه‌نجامه‌كان راده‌گه‌یه‌نرێن...

153 جار خوێندراوەتەوە