نەتەوەیەكگرتووەكان: زیاد لە 3 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونی كاتی بەهۆی لافاوەوە تێكشكاون
وتەبێژی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند، بارودۆخی ئاوارە سورییەكان بەهۆی نالەباریی كەشوهەواوە بەرەو ئاڵۆزی دەچێت و ئاشكرایكرد، هەزاران هاوڵاتیی سوری بە دۆخێكی سەختدا تێدەپەڕن.
ستیفان دوجاریك، وتەبێژی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد بەهۆی خراپی كەشوهەواوە لە چەند ناوچەیەكی باكوری رۆژئاوای سوریا لافاو روویداوە بەهۆیەوە نزیكەی 23 هەزار ئاوارەی سوری زیانیان بەركەوتووە. ئەوەش دۆخی ژیانیانی زەحمەتتر كردووە و زیاد لە 3 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونی كاتیی ئاوارەكان بەهۆی لافاوەوە بە تەواوی تێكشكاون یاخود زیانیان پێگەشتووە.
تاكو ئێستا شەڕو پێكدادان لە بەشێك لە ناوچەكانی باكووری رۆژئاوای سوریا لەنێوان هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن و ڕژێمی ئەسەد بەردەوامە، وتەبێژەكەی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكانیش نیگەرانیی رێكخراوەكەی سەبارەت بە پێكدادانی لایەنەكان لە نزیك شوێنی نیشتەجێبوونی ئاوارەكانی ئەو ناوچانە دەربڕی.
921 جار خوێندراوەتەوە