ئەمریكا نەخشەیەكی نوێ بۆ سوریا و رۆژئاوای كوردستان ئامادە دەكات
واشنتۆن و ئەنقەرە تاوتوێی هاوسەنگی هێز لە رۆژئاوای كوردستان دەكەن
ئەمریكا داوای لە یەپەگە كردوە گفتوگۆكانی لەگەڵ دیمەش رابگرێت
بڕیارە لەم هەفتەیەدا وەفدێكی باڵای ئەمریكا تایبەت بە تاوتوێكردنی كشانەوەی هێزەكانیان لە سوریا سەردانی ئەنقەرە بكەن.
رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكیش ئاشكرایكردووە كە یەكێك لە ئامانجەكانی وەفدەكەی ئەمریكا رێككەوتنە لەسەر نەخشەرێگایەك تاكو لێیەوە رێگری بكرێت لە پێكدادانی نێوان هێزە كوردییەكان و سوپای توركیا.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە مانگی رابردوودا بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سوریادا و رایگەیاند: كە پاش كشانەوەیان توركیا ئەركی رووبەڕووبوونەوەی داعش لە سوریا دەگرێتە ئەستۆ. ئەم بڕیارەی ترەمپ نیگەرانیی زۆری لای هێزە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان دروستكرد و بەرپرسانی ئەمریكی هۆشداریی توندیاندا سەبارەت بەوەی كە ئەگەر ئەمریكا هێزە كوردییەكان لە سوریا بەتەنها جێبهێڵێت ئەوا توركیا دوودڵ نابێت لە هێرشكردنەسەر هێزە كوردییەكان، كە لە شەڕی دژ بە داعشدا باشترین هاوكاری هێزە ئەمریكییەكان بوون.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی، بریارە رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە لە ئەنقەرە، تاووتوێی شێوازی جێگرتنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەلایەن سوپای توركیاوە لە سوریادا بكرێت.
وەفدی ئەمریكا پێكدێن لە هەریەك لە جۆن بۆڵتن، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و جەنەراڵ دونفۆڕد، سەرۆك ئەركانی سوپای ئەمریكا و جەیمس جێفری نێردراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ سوریا.
بەرپرسانی ئەمریكا ئاشكرایانكردووە، كە توركیا بۆ شەڕی دژ بە داعش لە سوریا ژمارەیەكی زۆر داواكاریی ئاڕاستەی واشنتۆن كردووە، كە لە نێویاندا پشتیوانیی سەربازی و هێرشی ئاسمانی و هاوبەشیكردنی زانیاریی هەواڵگری و هاوكاریی لۆجیستی داواكراون.
شارەزایان بە دووری دەزانن كە ئەمریكا تەواوی داخوازییەكانی توركیا پەسەند بكات، بە تایبەت پشتیوانیی ئاسمانی.
رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ، لە زاری چەند بەرپسێكی ئەمریكاوە ئاشكرایكردووە، كە وەفدەكەی ئەمریكا نەخشەیەكی رەنگكراوی باكوری رۆژهەڵاتی سوریای ئامادەكردووە تاوەكو دانوستان لەسەرپلانێكی تایبەت بە دابەشكردنی هێز لە ناوچەكە بكەن. ئەمەش بەو ئامانجەی كە رێگری بكەن لە پێكدادانی نێوان هێزە كوردییەكان و سوپای توركیا لە ناوچەكە.
سەرەڕای ئەوەی كە پێكهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ رژێمەكەی ئەسەد یەكێكە لە بژاردەكانی بەردەم هێزە كوردییەكان بۆ پارێزگاریكردنی خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی سوپای توركیا، جەیمس جێفری نێردراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ سوریا داوای لە هێزە كوردییەكان كردووە كە خۆیان بەدووربگرن لە ئەنجامدانی رێككەوتن لەگەڵ رژێمەكەی ئەسەد.
3524 جار خوێندراوەتەوە