بەرپرسانی ئەمریكا: تا كۆتایی بەداعش نەهێنرێت هێزەكانمان لەسوریا ناكشێنەوە

KNN : Kurdish News Network
02:58 - 06/01/2019
جیهان
+
-

واشنتۆن هیچ وادەیەكی دیاری نەكردوە بۆ كشانەوەی هێزەكانی لەسوریادا
چاودێران: كشانەوەی ئەمریكا مەترسی گەورە لەسەر كورد دروستدەكات
توركیا مەرجی بۆ جەنگی دژ بە داعش هەیە


بەرپرسانی ئەمریكا رایدەگەیەنن، تا كۆتایی بەداعش نەهێنرێت و ڕێ لە فراوانبوونی هەژموونی ئێران نەگرێت و كوردەكان نە پارێزن، هێزەكانیان لەسوریا ناكشێننەوە و تائێستاش كاتیان بۆ ئەو مەبەستە دیارینەكردوە، حكومەتی توركیاش بەمەرج بەرپرسیاریەتی جەنگی دژ بەداعش دەگرێتە ئەستۆ، چاودێرانیش پێیانوایە، بەكشانەوەی ئەمریكا، كوردی سوریا زەرەرمەندی یەكەم دەبێت.

كاردانەوەكان لەسەر بڕیاری سەرۆكی ئەمریكا، سەبارەت بەكشانەوەی هێزەكانیان لەسوریادا درێژەی هەیە ‌و خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت.

بەپێی وتەی بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، كە نەیویستوە ناوی ئاشكرا بكرێت، تا ئێستا واشنتۆن هیچ وادەیەكی دیاری نەكردوە بۆ كشانەوەی هێزەكانی لەسوریادا.

ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەمریكا، لەرێگای پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی، لەهەموو شوێنێك فشار دەخەنە سەر داعش‌و هیچ بۆشاییەك بۆ تیرۆرستان ناهێڵنەوە.

هەندێك بەرپرسی دیكەش دەڵێن: كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریادا، پێویستی بەچەند مانگێك هەیە، لەو ماوەیەشدا دەرفەتی پێویست دەبێت، بۆ وەشاندنی گورزی كوشندە لەچەكدارانی داعش. 
جەختیش لەوە دەكەنەوە، فەرماندە سەربازییەكانیان، دڵنیایان داوەتە سەرۆكی ئەمریكا، بەوەی لەتوانایاندا هەیە لەماوەی چەند هەفتەیەكدا، كۆتایی بە پاشماوەكانی داعش بهێنن لەسوریادا. 

 ئەمریكا زیاتر لە دوو هەزار سەربازی لەسوریادا بڵاوكردۆتەوە، بۆ ئەوەی پاڵپشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بكەن بۆ لەناوبردنی چەكدارانی داعش لەو وڵاتەدا.

لەلایەكی دیكەوە لینزی گراهام، سیناتۆری كۆمارییەكان، لەدوای كۆبونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، ئامانجی ترەمپی لەسوریا ئاشكراكرد‌و رایگەیاند، سەرۆك سورە لەسەر ئەوەی هەر كشانەوەیەكی ئەمریكا لەسوریا بەبێ بەدیهێنانی سێ ئامانج روونادات، كە بریتین لە:

- لەناوبردنی داعش بەتەواوەتی
- فراوان نەبون و گەشەنەكردنی هەژمونی ئێران 
- پاراستنی كوردەكان لەسوریادا


لەبەرامبەردا، هەندێك لەچاودێرانی سیاسی پێیانوایە، كشانەوەی ئەمریكا لەسوریا، بوار بۆ رێكخراوی داعش دەڕەخسێنێت، تا دووبارە رێزەكانی رێكبخاتەوەو خۆی بەهێزبكاتەوە.

هەروەها هەل بۆ ئێران‌و روسیا‌و توركیا، دەڕەخسێنێت، هەژمونی خۆیان لەسوریا فراوانتر بكەن، پێشیانوایە، بەكشانەوەی ئەمریكا، مەترسی گەورە لەسەر كوردەكانی سوریا دروستدەبێت.

هاوكات رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ لەزاری بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا ئاشكرایكردوە، حكومەتی توركیا، داوای لەئەمریكا كردوە، هاوكاری‌و پشتگیری سەربازی، ئاسمانی، لۆجستی، پێشكەش بكات، تاوەكو بتوانێت بەرپرسیاریەتی جەنگی دژ بەداعش لەسوریا لەئەستۆ بگرێت.

236 جار خوێندراوەتەوە