دیدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ چاكسازی لە كەرتی ئەمنی و ئابورییدا
چاكسازی لە سلكی ئەمنی و ئابوری دوو لەو پرسانەن كە لەلای بزوتنەوەی گۆڕان وەكو ستراتیژ سەیر دەكرێن و ئەگەر بەشداربێت لە حكومەت یان ئۆپۆزسیۆن بە هەمان نەفەس مامەڵەیان لەگەڵ دەكات و دەیەوێت تەرجەمەی سەر واقیعیان بكات.
بزوتنەوەی گۆڕان هەر لەسەرەتا نیەتی خۆی بۆ بەنیشتمانیكردنی دامودەزگا سەربازی و ئەمنیەكان خستوەتەڕوو، لەرێگەی گەڕاندنەوەی ئەو یاسانەی كە پەیوەندییان بە ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە هەیه، كە تاك لایەنە لەلایەن دەسەڵاتەوە تێپەڕێندراون، لەگەڵ ئامادەكردنی ئەفسەر، پلەدار، سەرباز، پۆلیس و مونتەسیبەكانی دەزگا ئەمنی و سەربازیەكانی هەرێم بەپێی عەقیدەیەكی نیشتمانی و دیموكراتی و شارستانی نوێ، پاككردنەوەی دەرون و بیریان لە هەر بوغز و كینە و لایەنگرییەكی پێشوەخت، بەتایبەتی ئەوانەی پێشتر ژیانی میلیشیایی ژیاون، لە رێگەی خولی ئامادەكاریی تایبەتەوە، بە ئەزمون وەرگرتن لە وڵاتانی جیهانی شارستانی.
یەكێكی تر لە ئامانجەكانی گۆڕان پێكهێنانی هێزی پاسەوانی هەرێمە بە سودوەرگرتن لە مادە پەیوەندیدارەكانی دەستوری عێراق، بەشێوازێكی نیزامیی مۆدێرن، بە سودوەرگرتن لە ئەزمونی هێزی پێشمەرگەی ئێستا، موتوربەكردنی ئەو هێزە بە نەوەی نوێو كردنەوەی دەرگای پەیوەندیكردنی ئارەزومەندانەدور لە لایەنگریی سیاسیی، حیزبیی، ناوچەیی و خێڵەكی.
قەدەغەكردنی رێكخستنی حیزبی و سیاسی لەناو هێزی پاسەوانی هەرێم و وەزارەت و دامەزراوە سەربازی و ئەمنی و هەواڵگریەكاندا، گۆڕینی پرۆگرامی خوێندن و مەشق لە خول و پەیمانگاو كۆلێژەكانی سەربازیی و پۆلیس بەشێوەیەكی هاوچەرخ، موتوربەكردنی پرۆگرامەكان بە وانەكانی مافی مرۆڤ و ئاكاری شارشتانی بەشێكی ترە لە بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ چاكسازی لە سلكی ئەمنیدا.
چاكسازی دارایی و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، یەكێكی ترن لەو بوارانەی سەرنجی بزوتنەوەكەیان لەسەرە، بەگوێرەی راپۆرتەكانی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، یەكێكە لە هەرە وڵاتە گەندەڵەكانی جیهان.
بەپێی ئامارەكانی داواكاری گشتی هەرێم و دەستەی دەستپاكیش، لەماوەی سێ ساڵدا زیاتر لە 20 هەزار سكاڵا و دۆسیەی گەندەڵی كراونەتەوەو لە 11 مانگی رابردودا 170 كەیسی گەندەڵی رەوانەی دادگا تایبەتمەندەكان كراون.
تائێستا سەرچاوەكانی زانیاری دەربارەی بودجە و سیاسەتی دارایی هەرێم نەك تەنها لەبەردەم هاوڵاتیاندا، بەڵكو لەبەردەم ئەندامانی پەرلەمان و بەرپرس و فەرمانبەرەكانی بواری چاودێریی داراییشدا واڵا نیە، ئەو پرۆسەی تاریكاندنەی كە بە بەرنامە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی هەرێمەوە پەیڕەو دەكرێت یەكێكە لە كەندەكانی بەردەم چاكسازیی ئابوری و گەشەدان بە سەرمایەی مرۆیی و بنیاتنانی ژێرخانی هەرێمی كوردستان.
بزوتنەوەی گۆڕان خەبات دەكات بەئامانجی، رۆشنكردنەوەی بودجە و دابینكردنی سەرچاوەكانی زانیاریی پێویست لەبارەی وردەكاریەكانی بەپێی سێكتەر و وەزارەتە جیاوازەكان. سپاردنی پرسی پەسەندكردنی بودجە بە پەرلەمان پاش پێشنیازكردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پابەندكردنی ئەنجومەنی وەزیران بە بەخشینی زانیاری پێویست بە پەرلەمانتاران، بەرپرسیاركردنی ئەنجومەنی وەزیران لە جێبەجێكردنی هەمو وردەكاریەكانی بودجەدا.
كاراكردنی رۆڵی پەرلەمان لە بەدواداچون و لێپێچینەوەو پرسیاركردن و سەندنەوەی متمانە لە وەزیر و بەرپرس و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە كاتی رودانی هەر لادانێكی داراییدا، كاراكردنی رۆڵی دادگاكان و دەستەودەزگاكانی نەزاهەو چاودێری دارایی لە بەدواداچون و لێپێچینەوە و سزادانی بەرپرسە حكومی و حیزبیەكان و كۆمپانیاو لایەنە پەیوەندیدارەكان لە كاتی رودانی هەر لادانێكی داراییدا، بەشێكی ترە لەبەرنامەی چاكسازی بزوتنەوەی گۆڕان.
هەروەها فراكسیۆنە یەك لەدوای یەكەكانی بزوتنەوەی گۆڕان پێداگریان كردوە لە چەسپاندنی دادپەروەری موچەو پاككردنەوەی لیستی موچە خۆران.
لە تەفاسیلدا بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ چاكسازی لە كەرتی ئەمنی و ئابوریدا پەنجەی خستوەتە سەر چەندین لایەنی دیكەو كە دەكرێت گۆڕان خۆی لە حكومەت بێت یان ئۆپۆزسیۆن جێبەجێبكرێن و بە سودی گشتیی بكەونەوە.
579 جار خوێندراوەتەوە