بەپێی بڕیارێكی پارێزگاری سلێمانی بەنزینخانەكان سیستەمی غاز دادەنێن
بەپێی رێوشوێنێكی ئیداری پارێزگاری بڕیارە لەمەودوا لە كۆی بەنزینخانەكان كار لەسەر ئەوە بكرێت سیستەمی غاز دابمەزرێنن و ئۆتۆمبێلەكان بە غاز كار بكەن، لە ئێستاشدا چەند بەنزینخانەیەك وێستگەی غازیان داناوەو وەستای تایبەت بە گۆڕینی ئۆتۆمبێلی بەنزین دەكەن بۆ غاز.
مەسعود بابەشێخ و دوو هاوكاری تری سەرقاڵی دانانی تانكی غازن بۆ ئۆتۆمبێل.
پیشەكە لەسلێمانی تازەو چاوەڕوان دەكرێت دوای بڕیارەكەی پارێزگاری سلێمانی بۆ دانانی سیستەمی غاز لە بەنزینخانەكاندا فراوانتر بێت.
بەپێی بڕیارێكی نوێی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، پێویستە بەنزینخانەكان بەسیستەمێكی مۆدێرن وێستگەی غاز دابنێن و بۆ ئەوەی لەمەودوا هەر شۆفێرێك ویستی ئۆتۆمبێلەكەی لە بەنزینەوەی بكات بە غاز كێشەی نەبێت، ئەگەرچی لە چەند بەنزینخانەیەك غاز هەیەو ژمارەیەك ئۆتۆمبێلیش كراون بە غازی، بەڵام هێشتا شۆفێران تەواو ئاشنا نین بە سیستەمەكە.
دانانی سیستەمی غاز بۆ ئۆتۆمبێل تێچوی كەمترەو لە چاو بەنزیندا بە دۆستی ژینگەش دادەنرێت و شۆفێرێكیش، كە ئۆتۆمبێلەكەی كردوە بەغاز دەڵێت: لە دەستگرانی بەنزین رزگاری بووەو كێشەی نیە.
چەند ساڵێكە نرخی بەنزین یەكێك بوو لە كێشە بەردەوامەكانی شۆفێران، بەپێی وتەی ئەو كەسانەی كار لەسەر دانانی سیستەمی غازی دەكەن، شۆفێر دەتوانێت ئۆتۆمبێلەكەی غازیش بێت و بەنزین بێت ولە ئێستاشدا چەند كەسێك بەنیازن لە رێگەی كۆمپانیای گەورە كار لەسەر فراوانكردنی سیستەمی غازی بكەن.
6774 جار خوێندراوەتەوە