گەر ببمە وەزیر

ئەم ناونیشانە بۆ  داواكردنى پۆستى وەزیرى نییە هێندەى دەرخستنى بیركردنەوەى خودى خۆمە دەربارەى پۆستى وەزیرى لەم كابینە نوێیەى، كە باس لە پێكهێنانى ئەكرێت.

 

ئەوەى لە وڵاتى ئێمەدا بۆتە باو و لاى خەڵكەوە ئەبینرێت، پۆستى وەزیرى بەشێكە لە خەونى تاكەكان بۆ موچەیەكى باڵا


خەونى بوونە وەزیرى بۆ هەموان ئاساییە گەر كار بكرێت بۆ تێزە باوەكە، كە ئەویش كەسى شیاوە یۆ شوێنى شیاو. وەزیر مەنسبێكى سیاسیە، كار ئەكات بۆ جێبەجێ كردنى كارنامەى گشتى حكومەت و لە وەزارەتێكدا كار بۆ بەدیهێنانى خزمەتى گشتى ئەكات. وەزیر بەشێكە لە ئەنجومەنى وەزیران، كە باڵاترین دەسەڵاتى جێبەجێكارە و خاوەن كارنامەى خۆیەتى بۆ ماوەى چوار ساڵ. ئەمە تێزە باوەكانە، ئەوەى لە وڵاتى ئێمەدا بۆتە باو و لاى خەڵكەوە ئەبینرێت، پۆستى وەزیرى بەشێكە لە خەونى تاكەكان بۆ موچەیەكى باڵا، بۆ خانەنشینێك كە سەرچاوەى ژیانى هەمیشەیى بۆ دروست بكات، ئەم بۆچونە بۆ سەراپا نیە. 

لە بارودۆخى ئێستادا ئەوەى ئەبێتە پرسیار چ كەسێك بۆ وەزیرى باشە؟ ئەوەى ئێستا ئەبێتە پرسیار ئایا وەزیر تەنها خۆى كلیلى چارەسەرى گرفتەكانە یان كۆى كابینەكە؟ ئەوەى ئێستا ئەبێتە پرسیار: كە كارنامەى گشتى كابینە ئەتوانێت وەڵامى گشتى چارەسەر بێت بۆ دواكارى هاوڵاتیان یان كاكى وەزیر؟؟؟ ئەوەى ئێستا بۆتە پرسیار: كابینەى نوێ فریاد رەسە یان وەك كابینەكانى پێشو كۆمەڵێك قەرز بۆ كابینەى دواى خۆى جێ دێڵێت؟؟؟ ئەوەى بۆتە پرسیار: لایەنەكانى بەشدار بوى كابینەى نوێ كارنامەكەیان كارە بۆ خزمەتگوزارى گشتى یان كابینەى رێكەوتن بۆ بەش كردنى داهات و باڵا بونى پەرژەوەندى حیزب؟؟ گەر ببمە وەزیر: كار ئەكەم بۆ بە جێ گەیاندنى كارنامەى گشتى حكومەت كە كار بێت بۆ پرۆسەى چاكسازى و كار بێت بۆ خزمەتگوزارى گشتى بۆ هاوڵاتیان. 

كار ئەكەم شەفافانە بۆ پرانسیپە گشتیەكان كە چەسپاندنى حكومەتى هاوڵاتى بوونە. چۆن كاندیدەكان بۆچونە پەرلەمان و ئەنجومەنى پارێزگا بانگەشە ئەكەن، حەق وایە بەربژێرەكان بۆ پۆستە حكومییەكان خۆیان ئەجەندەى بەشدار بونیان لە حكومەتدا بخەنەڕو. 

 

تا ئێستا ریتمى باو بۆ دانانى پۆستە حكومییەكان مەكتەبى سیاسى یان خانەى راپەراندن و ئۆرگانى باڵاى حیزب دایئەنێت


تا ئێستا ریتمى باو بۆ دانانى پۆستە حكومییەكان مەكتەبى سیاسى یان خانەى راپەراندن و ئۆرگانى باڵاى حیزب دایئەنێت. هەندێ جار لیژنەیەك ئەو كارە ئەكات و دەرناچێت لە ویستى ئەم تەكەتول و ئەو تەكەتول. لە باشترین حاڵەتدا پێوەر دائەنرێت بۆ بەربژێرەكان. ریتمێكى نوێ ئەوەیە، كە بەربژێرەكان سیڤى پێشكەش ئەكەن، كە ئەمەش رەوتێكى نوێیە بەس جێى داخە كە زۆرینە خۆى بە شایستەى كۆى پۆستەكان ئەزانێت؟؟ سیڤیەكان ئەوەندەى وابەستەى خەونە بۆ گەیشتن بە ئیمتیازاتى پۆست ئەوەندە وابەستەى ئەرك نیە بۆ خزمەتى گشتى؟؟ 

گەر ببمە وەزیر: لە بوارى كارەبادا هەوڵ ئەدەم بەرنامەیەكى گشگیر بۆ زیاكردنى كارەباى نیشتیمانى و كەم كردنەوەى نرخى مانگانەى ئەمپێرى ماڵان و دوكاندارەكان جێبەجێ بكەم. كارەبا بە هەر چوار سێكتەرەكەیەوە كە تەولید و گەیاندن و دابەشكردن و جبایەى پارەى كارەبایە لە رێگەى كەرتى تایبەتەوە بە گرێبەستى ئاشكراو شەفاف دور لە قۆرغ كارى بۆ كۆمپانیاكانى حیزب و هێنانەدى منافەسە تا ئاستى خزمەتگوزارى باش و نرخى كەمتر لەسەر حكومەت و هاوڵاتیان بەدى بهێنم. ئەوەش بە پرۆژەیەكى تەواو و خاوەن خشتەى زەمەنى بە كەڵك وەرگرتن لە ئەزمونى ناوخۆ و دەرەوە و خستنەكارى گەنجانى وڵات لە رێگەى كەرتى تایبەت و كەرتى هاوبەشى نێوان حكومەت و كەرتى تایبەت. 

گەر ببمە وەزیرى دارایى: كار ئەكەم بۆ دابەش كردنى داهات بە شێوازى عەدالەت لە نێوان پارێزگاكان و ناوچەكان بەدەر لە سزاى ناوچەیەك و پارێزگایەك، كار ئەكەم لەگەڵ كۆى وەزارەتەكان، كە پێكەوە داهاتى گشتى زیا بكرێت كە بارگرانى دروست نەكات بۆ سەرشانى هاوڵاتیان بەڵكو دابەزینى مەسرەفى حكومەت و زیاكردنى بودجە بۆ خزمەتى هاوڵاتیان. كار ئەكەم بۆ دروستبوونى متمانە بە بانقەكان و جارێكى تر بانق بە متمانەوە كارەكان جێ بە جێ بكات، كار ئەكەم بۆ دانانى پلانى ستراتیجى لەگەڵ وەزارەتى پلان دانان. 

 

گەر من و هاوڕێكانم لە هەر شوێنێكدا ببینە وەزیر یان بەرپرسى دەستە كار بۆ پرۆژەكانى گۆڕان ئەكەین كە پرۆژەى چاكسازیە


گەر من و هاوڕێكانم لە هەر شوێنێكدا ببینە وەزیر یان بەرپرسى دەستە كار بۆ پرۆژەكانى گۆڕان ئەكەین كە پرۆژەى چاكسازیە. من كە جێگرى پارێزگار بوم دواتریش كە پارێز گار بوم بە وەكالەت، موچەكەم ئەدایە گۆڕان و خەستەخانەى هیوا كە وازیشم هێنا خانەنشینیم وەرنەگرت، ئێستاش هەمان بەرنامەم هەیە، چونكە من بە هۆى بنەماڵەكەمەوە بارى ئابوریم باشە ئەزانم زۆرێك لە هاوڕێكانم هەمان بۆچونیان هەیە، بەڵام بارى ئابوریان باش نیە. من نامەوێت وەزیر بم تەنها گۆشە نیگایە بۆ ئەوەى كێ ببێت بە وەزیر و ئەبێت چۆن كار بكات.

1463 جار خوێندراوەتەوە