ئەم قۆناغە وەك ئەوترێت قۆناغێكی هەستیارە لە هەرێمی كوردستان، دانوستانی لایەنەكان بە تایبەت نێوان پارتی و یەكێتی لە هەندێ جومگەدا گەیشتۆتە بەربەست!
گۆڕان لە ئێستادا رێكکەوتنی سیاسی هەیە لەگەڵ پارتی، رێكەوتنی دەباشانی هەڵپەساردوە، لەگەڵ لایەنەكانی پێشوی ئۆپۆزسێۆن، پەیوەندیەكانی لە هەڵبەزەو دابەزەدایە.
گۆڕان ئەوەی كردویەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی هێناوەتەوە ناو پەرلەمان كە ئەمە دەستكەوتە بۆ پرۆسەی سیاسی و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی بەستۆتەوە بە نوسینەوەی دەستور لە داهاتودا، ئەوەی كە ونە بونی متمانەیە بۆ داهاتو كە ئایا پرۆژەی چاكسازی لە تەمەنی كابینەدا دەست پێ ئەكات ئەوە پرۆسەیە؟
ئەوەی ونە كە لە سنوری سەوز و نیللی لە داهاتودا چی رو ئەدات، ئایا رێكکەوتنی یەكێتی گۆڕان بۆ حكومەتی خۆجێی چی لێ دێت؟ پرسیار لێرەدایە كە ئایا گۆڕان بۆ نابێتە مەنزڵگای رێکكەوتن بۆ هەموان؟ ئایا گۆڕان بۆ ئەو رۆڵە نابینێ؟ گۆڕان بۆ نابێتە سەنتەری بە یەكگەیاندنی زۆرینە و كەمینە؟
گۆران خاوەنی رێكکەوتنێكە لەگەڵ پارتی بۆ كابینەی داهاتو و بۆ مەسەلەی سەرۆكی هەرێم، لەهەمان كاتیشدا خاوەنی رێكکەوتنی دەباشانە كە تەجمید كراوەو خاوەن رێكکەوتنی حكومەتی خۆجێیە، لە رابردوشدا خاوەنی پرۆژەی چاكسازییە لەگەڵ كۆمەڵ و یەكگرتو.
بەم هەمو رێکكەوتنەوە كەواتە ئەكرێت بوترێت گۆڕان لە تواناو هزریدایە لە گەڵ كۆی لایەنەكان بگاتە ئاستی رێكکەوتن.
گۆران بزاوتی قۆناغەكەیە بۆ ئەو رۆڵە نابینێ؟
گۆڕان توانیوێتی خاڵی هاوبەش لەگەڵ زۆرینەی لایەنەكان بدۆزێتەوە و پرۆسەكە بەرێتە پێشەوە، بۆ ناكرێت لە ئێستادا كردنەوەی گرێ كوێرەكان لای گۆڕان بێت؟
رەوانشاد نەوشیروان مستەفا كە ركابەری زۆر لایەن بوە لە پرۆسەی سیاسی، بەڵام لە مێژوییەكی نزیكدا بیرمانە ئەندازیاری زۆر رێكکەوتن بوە هەر لە پرۆژەی چاكسازییەكان بۆ رێكەوتنی دەباشان، هەر خودی خۆی بو كە ناكۆكی ناو باڵەكانی ناو یەكێتی رائەگرت، بۆ رێكکەوتن لە گەڵ پارتی و چونە ناو حكومەتەوە، هەر خودی خۆی بو كە سەركردایەتی سیاسی بەرەی كوردستانی متمانەی گەورەیان پێ دا لە نوسینەوەی دەستور لە عێراق.
گۆڕان خاوەن خەمی شەقامە، خاوەنی خەمی پێویستیەكانی هاوڵاتیانە، خاوەن تێزی چاكسازییە، گۆڕان لە دروست بونیەوە خاوەن گوتاری حكومرانی دادپەروەرە، بۆ لە ئێستادا نەتوانێت هەموان لە سەر مێزی خۆی بەیەك بگەیەنێت؟ چی ئەبێت گەر ئەو گرێ كوێرەكان بكاتەوە؟ گەر پۆستەكان كێشەی داهاتوە لە نێوان یەكێتی و پارتی، گۆڕان ئەتوانێت بۆ زامن كردنی هاوسەنگی، بۆ زامن كردنی تەوافقی گشتی واز لە هەندێك پۆست بهێنێت كە ئیستیهقاقی خۆیەتی؟
گۆڕان ئەوەندەی خەمی تاكی كوردیەتی ئەوەندە خەمی ئەم پۆست یان ئەو پۆستی نیە، زۆر ئاساییە كە گۆڕان ببێتە مەنزڵگای رێكکەوتن، ببێتە شوێنگەی سازانی نیشتیمانی! قوربانی بە دەستكەوتی حیزبی لای گۆڕانەوە ئەیكاتەوە خەمخۆری گشتی وەك چۆن زاراوەی باوكی هەژاران بە رەوانشاد كاك نەوشیروان درابو ئەكرێت گۆڕان ببێتەوە خەمخۆری گشتی هاوڵاتیان.
گەر گۆران متمانەی نیە بە هەندێ لایەنی سیاسی و ئەزمونی خراپی لا ماوە لەگەڵ ئەو لایەنانە، خۆ ئەكرێت گۆڕان بۆ ئامانجە گشتیەكە دیسانەوە ئەوە زامنی دروست بونەوەی متمانە بێت .بۆ شەقام و داواكاری رەوایان، بۆ هێنانە دی هێمنی سیاسی و بۆ هێنانە دی سازانی نیشتیمانی، بۆ هێنانە دی كەناری هێمن بۆ هەموان، گۆڕان ئەتوانێت رۆڵی گەورە ببینێت.
گۆڕان ئەتوانێت ببێتە چارەسەر .گۆران بەشێك نەبوە لە قەیران، بەڵام ئەتوانێت بەشێكی گەورە بێت لە چارەسەر.
822 جار خوێندراوەتەوە