وڵاتی بێدەنگی

ئەم بەڵایە چیە رووی تێكردووین؟
ئەبێت هیچ نەڵێن، ئەبێت بێ دەنگ بین، ئاخر ئەبێت بترسین لە گروپی مێسنجەر و وەتس ئەپ و ڤایبەر، لە نوسەرەوە ئەمان كاتە تیرۆریست.

لە خەم خۆری خاك و نیشتیمانەوە ئەمان كاتە دوژمن و تیرۆریست. نەكەن نامەیەك وەڵام بدەنەوە، نەكەن لایكێك بكەن بۆ نوسینێك!

ئەوان ئەیانەوێت ئێمە بێ دەنگ بین، زۆر نەڕۆن باسی خەمی گشتی بكەن، تەنها بۆمان هەیە دەسكەوتەكان باس بكەین! هەموو ئازارەكان بە خۆشی و سەفاوە باس بكەین..!

نەكەن پرسیار بكەن، نەكەن باسی گرفتەكان بكەن، سبەی لە دادگا لێت ئەپرسنەوە!؟؟

چۆن داوای موچەت كرد؟ چۆن باست لە دەربار كرد، سەركردەی وڵات بۆت نیە باس بكەی، ئێوە تابووری پێنجن، ئێوە تیرۆریستن!

نەك پرسیار کردن، بۆتان نییە خەونیش ببینن..!
كە خەبەرتان بوەوە، بڵێن ئەوە چی بوو، خوا بمان گرێت ئەم خەوە دەغەزارە چی بوو بینیمان.

خۆزگە ئەم پێشكەوتنی تەكەنۆلۆجیایە لە وڵاتی ئێمە نە ئەما، ئاخر بە پەنمان ئەدات، وڵات ئەبێت بێدەنگ بێت، هیچ نوزەیەك نابێت ببێت، نەوت ئەنێرێت بۆ بەغداد یان نا؛ تۆ بۆت نیە بپرسی، سەركردەمان لە هەموو خەم خۆرترە، موچە دواكەوت؛ بڵێ شوكر بۆ خوا ئێمە بەرگەی هەموو شت ئەگرین بەس سەركردەمان ساغ و سەلامەت بێت.

ئەوەتی دونیا هەیە عەوام هەر بووەو ئەبێت بێ دەنگ بین...
ئەوەتا چاكسازی ئەكرێت ئیتر پرسیاری چی ئەكەن، مێسنجەر بۆتە مەنزڵگای چاكسازی!

گومان بۆ ئەكەن، ئەوەتا بەغداد مافمان ناداتێ، ئێوە بۆ پرسیار ئەكەن، ئەوانەی گومان ئەكەن ئەبێت دادگایی بكرێت.

ببورن ئەو رۆژە چوومە خۆپیشاندانێك، ببورە نەم پرسی كوا مۆڵەتەكە، دەستم هەڵوەرێ نەم كرد وێنەكان خۆم بیهێنم، ئەزانم وێنەتان زۆر گرتین بۆ كاتی دادگا!؟؟

ئەوترێت بۆ خۆپارێزی لە كۆرۆنا باشترین كار بێ دەنگیە!!!
لەم دەڤەرە ئاوێنە و هاووڵاتی لە دایك بوو!!!

كە چوونە ئەوبەر زۆرینەی شتى مۆبایلەكەت بسڕەوە، تەنها لایكی گۆرانی بهێڵنەوە، گروپەكان جێبهێڵە!
دەست خۆشی بنێرە بۆ ئەو خانمە كە جوانكاریەكەی واكردووە گۆرانی شاعیر لەژێر پەچەوە ئەو هۆنراوە جوانەی نوسی، گەر بمایە ئەبوایە ئێستا چی بۆ ئەم خانمانە بنوسێت؟؟؟
لایكەکانت لەوە تێنەپەڕێت!

بێدەنگبن، ئەوە قسەی سەركردە پڕ حیكمەتەكانن، بێدەنگبن و وڵات بدەنە دەست سەركردەكان.
نەتان بیستووە كە وەسفی كەسێك ئەكرێت ئەوترێت زۆر بێ دەنگە، نەتان بیستووە كە باسی جوانی خانمێك ئەكرێت ئەوترێت زۆر بە ویقار و بێ دەنگ و شەرمنە...

ئەگەر زۆر حەزتان لە قسەیە، بە هێمنی بچنە شوێنیك دوور لە چاوی خەڵك و دەزگاكان، زۆر باش ئەبێت مۆبایلەكانتان بكوژێننەوە، بە بادە خۆتان مەست كرد، گەر قسەیەكتان كرد پرسیارێكتان كرد، دواتر بڵێن خوا ئەم بادیە بگرێت، بە پەنی داین و دەردە دڵێكمان كرد.

بێدەنگبن...
ئەمە دوا قسەی ووتەبێژ بوو!
بێدەنگبن...
ئەمە دواقسەی كۆبوونەوەی دەڤەری ئەوبەربوو، ئەوان خەریكی خۆپارێزی هاووڵاتیانن...
بێدەنگبن...
ئەمە دوا دروشمی قۆناغەكەیە.

575 جار خوێندراوەتەوە