گەنج و حزبی سیاسی، لە دروشمەوە بۆ بەشداری ڕاستەقینە

گەنجان هێزی بزوێنەری کۆمەڵگە و داینەمۆی گۆڕانکارین، بەڵام هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە بەبێ بەشداریی کاریگەر و ڕاستەقینەی ئەوان لە ناوەندی بڕیارداندا بەدی نایەت. گەنجان تەنها بەشێك لە پێکهاتەی دیمۆگرافی کۆمەڵگە نین، بەڵکو خاوەنی بیرکردنەوەی نوێ، وزەی داهێنان و توانای دروستکردنی ئایندەیەکی باشترن.


یەکێك لە کێشە سەرەکییەکانی پەیوەندی نێوان گەنجان و هەندێك حزبی سیاسی ئەوەیە کە گرنگی بە گەنجان زۆرجار لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا زیاتر دەبێت، لەو کاتەدا گەنجان بۆ ڕێکخستنی چالاکییەکان و بەدەستهێنانی دەنگ بەکاردەهێنرێن، بەڵام دوای هەڵبژاردن، دەنگ و داواکارییەکانیان لە زۆر حاڵەتدا دەکەوێتە پەراوێزەوە، هەروەها کێشەکە لە بەشداری گەنجاندا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە بەشدارییان تا چەند دەگاتە ناوەندی بڕیاردان.


گەنج نابێت تەنها کاتێك بە نرخ بزانرێت کە دەنگێك کۆدەکاتەوە، بەڵکو دەبێت لە داڕشتنی بەرنامەکان، بڕیاردان و هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانیشدا ڕۆڵی هەبێت، هەروەها، درگا بەڕووی سەرکردایەتی نوێ و بیرۆکە جیاوازەکاندا بکرێتەوە، چونکە ئەزموونی ڕابردوو دەبێت پردێك بێت بۆ گواستنەوەی ئەزموون، نەك دیوارێك بۆ ڕێگریکردن لە گۆڕانکاری.


حزبی سیاسیی زیندوو ئەو حزبەیە کە بتوانێت لەنێوان ئەزموونی ڕابردو و پێداویستییەکانی ئێستاو ئایندەدا هاوسەنگی دروست بکات، بەرپرسیارێتی بە گەنجان بسپێرێت و توانای ئەوان بە پێوەری لێهاتوویی و شایستەیی هەڵبسەنگێنێت. پشتیوانی لە گەنجان نابێت تەنها لە دروشمدا بمێنێتەوە، بەڵکو دەبێت لە دەرفەتی کار، پەروەردە، دادپەروەری و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەدا خۆی بنوێنێت.


لە بەرامبەردا، گەنجانیش بەرپرسیارێتییان هەیە، پێویستە خۆیان بە زانیاری، هۆشیاری سیاسی و تێگەیشتن لە ماف و ئەرکەکانی هاوڵاتی پێبگەیەنن، بەشداری سیاسی تەنها دەنگدان یان ئەندامبوون لە حزبێك نییە، بەڵکو بریتییە لە چاودێریکردنی بەرپرسان، هەڵسەنگاندنی بەرنامەکان، ڕەخنەگرتنی بەرپرسیارانە و داواکردنی لێپرسینەوە، گەنج دەبێت بەپێی کردار، شایستەیی و ئەنجام بڕیار بدات، نەك تەنها بە دروشم و هەست و سۆز.


دواجار، ئایندە بە دروشم دروست نابێت، بە بەشداری دروست دەبێت، حزبێك کە دەنگی گەنجان دەبیستێت و دەرفەتی ڕۆڵگێڕانیان پێدەدات، دەتوانێت خۆی نوێ بکاتەوە، بەڵام ئەو حزبەی کە تەنها لە کاتی هەڵبژاردندا پێویستی بە گەنجان هەیە، دەبێت لە مانای پەیوەندی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگەدا دووبارە بیربکاتەوە.


گۆڕانکاری ڕاستەقینە لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە گەنج لە پەراوێزی بڕیاردانەوە بگوێزرێتەوە بۆ ناوەندی بڕیاردان و لە ئامرازی بانگەشەوە بگۆڕێت بۆ هاوبەشێکی ڕاستەقینە.

154 جار خوێندراوەتەوە