هەڵساندنەوەی پەیکەرێکی پۆزەتیڤ بۆ حکومەت


کاتێك ئێمە سەرنج لە مێژوی پەرەسەندنی هاوچەرخی حکومەت و دەسەڵاتەکانی دەدەین بە شێوەیەکی گشتی و بەتایبەتی لە پارادایمی زۆرینەی قوتابخانە فەلسەفییەکاندا هەمیشە پەیکەرێکی "دژە ئازادی تاکەکەسی" بۆ داتاشراوە و بە گەورەترین مەترسی زانراوە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی تاکەکەس، بۆیە هەمیشە جێمشتومڕ بوە کە ئایا دەسەڵاتی سیاسی حکومەت تا کام ئۆرگانی کۆمەڵایەتی بکشێنرێت و یان  دەسەڵاتەکانی بەچ شێوەیەك سنورداربکرێت.

بەڵام ئەمڕۆ حکومەتەکان لە رۆڵ و چالاکی کۆمەڵایەتی بەدەرنین زیاتر وێنایەکی پۆزەتیڤانە دەبەخشن و بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ فراوانکردنی بازنەی ئازادی تاکەکەس و تەریبکردنی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ بەرژەوەندی کۆمەڵگا و تاکەکەسدا، بۆیە لێرەدا دیاریکردنی رۆڵ و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی حکومەت جەوهەریترین خاڵی شرۆڤەکانە.

حکومەت خاوەن چەندین بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی هەستیارە، پێویستە بەوپەڕی توانایەوە کار بۆ بەدهێنانی بکات لەپێناو باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیانی و دەسەتەبەرکردنی خۆشگوزەرانی و ئازادی بۆیان کە بەشێوەکی گشتی حکومەتە هاوچەرخەکانی تەواوی کۆمەڵگا پێشکەوتوەکان کار لەسەر ئەم پرسە کۆمەڵایەتیانە دەکەن بۆ باشترکردنی سیستەمی بەڕێوبردنی ئیدارییان کە ئەویش، کردنەوەی کەرتی گشتیە لەنێو نەخۆشخانەکاندا، چاودێری تەندروستی، سیستەمی خوێندن و فێرکردنی تۆکمە، هاوکاری بێنەوایان، هەژاران، پەکەوتوان، نەداران، کەمئەندامان، کردنەوەی گەنجینەی گشتی دژ بە هەژاری.

لای تەواوی بیریاران و بیرمەندان هەمیشە دەکرێت حکومەت رۆڵێکی پۆزەتیڤی کۆمەڵایەتی بگێڕێت لە پێناو باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیان بۆ ئەم مەبەستەش تەواوی بیرمەندان، حکومەت لەشێوەی فریادڕەسێك بۆ تاکەکەس و کۆمەڵگا وێنادەکەن و ئەرك و بەرپرسیارێتی بەم شێوەیە روندەکەنەوە.

مۆنتیسکۆ؛ حکومەت پەیوەستە بە دابینکردنی ژیانی هاوڵاتیان و خواردن و پۆشاکی گونجاو و تەندروستیان.
ڤۆڵتێر؛ ڕاهێنانی ئاکاری و مۆراڵێکان و هاندان بۆ چاکەکاری کۆمەڵایەتی و چاندنی تۆوی هاوکاری لەنێو تاکەکاندا، ئەم جۆرە لە فێرکاری بۆ خەڵکی پێویستە لە رێگای سیتەمی سیاسیەوەبێت و "دەوڵەت فێرگەی تاکە لە کۆمەڵگادا".

ژان ژاك رۆسۆ؛  لە ڕونکردنەوەی فۆڕم و شێوەی دەسەڵاتی سیاسی باس لەوە دەکات، پێویستە حکومەت یان دەوڵەت خاوەنی سامانێکی نائاڵۆز و ساکاربێت تاوەکو تاك هۆگری سەرلەبەری کۆمەڵگابن و ئەرکی سەرەکی بریتیە لە نەهێشتنی پێشێلکردنی مافەکان لە نێوان تاکەکاندا، و پاراستنی یەکسانی ئابوری لە کۆمەڵگا و یەکسانی دابەشکاری سامانەکان لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگەکاندا بەجۆرێك بێت، کە تاکێك یان کۆمپانیایەك هێندە سەرمایەکانیان کەڵەکە نەبێت بتوانن هێز و هزری تاکێکی دیکەی کۆمەڵگای پێبکڕن یان لە رێگای سەرمایەکانیانەوە چەوەسانەوەی ئازادی و نایەکسانی دروستبکات، کەسیش هێندە هەژار نەبێت کە ئازادی خۆی بفرۆشێت لەپێناو دابینکردنی ساکارترین پێویستی ژینگەی مرۆیی خۆی کە ئەویش "تێربونە".

کارڵ پۆپەر؛ حکومەت لەسەریەتی پاسەوانی ئازادی تاکەکەس بکات، بۆیە دەبێت سەرجەم ئەو هەژارانە بپارێزت کە ئازادیان لەبەردەم هەڕەشەدایە.

لێرەوە دەبینن سەرجەم بیرمەندان و زۆرینەی قوتابخانەکان وێنایەکی پۆزەتیڤ بۆ حکومەت و دامەزراوەکانی هەڵدەسەنگێننەوە، حکومەت بەرپرسە لە چاودێری و یەکسانی کۆمەڵایەتی و دادی کۆمەڵایەتی، و جۆرێك لە پلانڕێژی و بوژاندنەوەی ئابوری، دەوڵەت هەمو هەوڵێك دەدات بۆ دژایەتیکردنی هەڵئاوسان و چونەوەیەکی ئابوری، دەسەڵاتی مۆنۆپۆڵیەکان جڵەوگیر و سنورداردەکات و خزمەتگوزاری گشتی لە ئەستۆیە، بەرهەم و داهاتە نەتەوەییەکان بەیەکسانی بەسەر کۆمەڵگادا دابەشدەکاتەوە، و کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشە ناوخۆییەکان بۆ سەر تاك و کۆمەڵگا و لە روی دەرەکیشەوە بەهەمان شێوە و هەروەها چاودێری بازاڕی ئابوری و نەهێشتنی دروستبونی گرفت لەبەردەم میکانیزمەکانی بازاڕدا.

حکومەت دەبێت فۆڕموڵەی کۆمەڵگایەکی ئازادی بکات، و پێویستە هەست بەگرنگی بەشداری سیاسی گروپە جیاوازەکان بکات، رایەڵەیەکی بەهێز دروستبکات لە نێوان چینە کۆمەڵایەتیەکان، و دژایەتیکردنی هەژاری و بێکاری، بەهێزکردنی دامودەزگا کۆمەڵایەتییەکانی.

733 جار خوێندراوەتەوە