دەسەڵاتی جێبەجێكردن زۆرینەی پێشێلكارییەكانی ئەنجامداوە
لە 10 ساڵی ڕابردوودا حەوت هەزارو 699 پێشێلكاری لەلایەن هەر سێ دەسەڵاتەكەوە ئەنجامدراوە
لەماوەی ساڵێكدا هەزار حاڵەتی پێشێلكاری لەلایەن هەرسێ دەسەڵاتی دادوەری، یاسادانان و جێبەجێكردنەوە لە هەرێمی كوردستان تۆماركراون، سەنتەری پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤیش هۆشداری دەدات لەسەر زیادبوونی ئامارەكان و دەڵێت: سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لە پاشەكشەدایەو بەشێكی زۆری كێشەو پێشێلكارییەكانیش لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردن و لایەنە سیاسیەكانەوە تۆمار كراون.
"سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لە پاشەكشەدا" ناونیشانی دەیەمین ڕاپۆرتی سەنتەری پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤە بۆ پاڵپشتی دادگا كە تیاییدا زیاتر لە هەزار حاڵەتی پێشێلكاری لەساڵی 2017 لەلایەن خودی هەرسێ دەسەڵاتی (دادوەری، یاسادانان و جێبەجێكردنەوە) تۆماركراون.
داتاكانی ئەم ڕاپۆرتە لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان وەرگیراون، بەوتەی سەرپەرشتیارانی پرۆژەكە، هیچ كام لەسێ دەسەڵاتەكەی هەرێم، هیچ كاردانەوەیەكیان بەرامبەر ڕاپۆرتەكان نەبووە، پێشیانوایە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لە پاشەكشەدایەو زۆربەی پێشێلكارییەكانیش دەستوەردانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن و لایەنە سیاسیەكانە.
(722) پێشێلكاری لەدادگاكانی لێكۆڵینەوەو بنكەكانی پۆلیس و ئاساییش
* 276 حاڵەتی كەمتەرخەمی و گوێ پێنەدان لە جێبەجێكردنی ڕێوشوێنە یاساییەكان لەلایەن بەپرسانی لێكۆڵینەوەی پۆلیس و ئاساییش.
* 17 حاڵەتی وەڵام نەدانەوەو جێبەجێ نەكردنی بڕیاری دادگاكانی لێكۆڵینەوە لەلایەن دەزگا حكومیەكان و پارتە سیاسی و كۆمپانیاكان.
* 392 حاڵەتی بەكارهێنانی توندوتیژی و ئەشكەنجەدان لەدژی تۆمەتبارانو ڕاگرتنی ناشەرعیو پێشێلكردنی مافی تۆمەتباران.
* 37 حاڵەتی بەڕێوەبردنی ڕێكارەكانی لێكۆڵینەوە بەپێچەوانەی یاسا.
بەوتەی كارزان فازڵی پارێزەر، جگە لە هەماهەنگییەكی كەمی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی، لەسەرجەم دادگاكانی هەولێرو دهۆكو گەرمیان، ئاستەنگییان بۆ دروستكراوە، بەشێوەیەك بۆتە هۆی ئەوەی چاودێرەكانیان بەنهێنی كارەكانیان ئەنجام بدەن یان هەر دەستیان نەكەوێت، هەر ئەمەش وایكردووە ژمارەی پێشێلكارییەكان لە هەولێرو دهۆك كەمتر بێت.
(231) پێشێلكاری لە دادگا سزاییەكان:
* 150 حاڵەتی دواخستنی دادگاییكردن و درەنگ یەكلاییكردنەوەی كێشەكان.
* شەش حاڵەتی ڕادەربڕینی پێشوەختەی دادوەران.
* 69 حاڵەتی پێشێلكاری ڕێكارە یاساییەكانی دادگاییكردن.
* شەش حاڵەتی پێشێلكاری جۆراو جۆر.
50 سەرپێچیكاری لە دادگا مەدەنییەكان:
* 27 حاڵەتی دواخستنی دادبینی بۆ ماوەی دووروو درێژ.
* 17 حاڵەتی بەڕێوەبردنی دادنیشتنەكانی دادگا بە پێچەوانەی یاسا
* شەش حاڵەتی جۆراو جۆر.
(پرۆژەی پاڵپشتی دادگا) كە ناونیشانی ڕاپۆرتەكانی سەنتەرەكەیە، لە 2007وە تا 2017 (دە) ڕاپۆرتی بڵاوكردۆتەوە كە تیایدا حەوت هەزارو 699 حاڵەتی پێشێلكاریی لەنێو هەرسێ دەسەڵاتەكەی هەرێمدا تۆمار كردووە، ئەوەی كە بووەتە مایەی سەرسوڕمان و پرسیار لای سەرپەرشتیارانی پرۆژەكە، بەدەمەوەنەهاتن و بەهەند وەرنەگرتنی ڕاپۆرتەكانە لەلایەن دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن و دادوەری و یاسادانانە.
2340 جار خوێندراوەتەوە