رێگای كفری-خورماتو كەڵكی هاتوچۆكردنی لەسەر نەماوە

04:53 - 04/10/2018
کوردستان

هاوڵاتیان: تا ئێستا هیچ لایەنێك خۆی ناكات بە خاوەنی و رێگاكە نۆژەناكرێتەوە

رێگای كفری-خورماتو بە درێژایی رێگاكە چەندین چاڵ و چۆڵ و ریگڵەی تێدایە و كەڵكی هاتوچۆكردنی لەسەر نەماوە.

هاوڵاتیان و شۆفێرانیش ئاماژە بەوەدەكەن، ئەگەرچی رێگاكە كەوتوەتە نێوان هەرسێ پارێزگای دیالەو سەلاحەدین و كەركوك، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێك خۆی ناكات بە خاوەنی رێگاكەو نۆژەناكرێتەوە.

ئەم رێگایە لە نێوان كفری و خورماتودایە، هەندێك لە هاوڵاتیان بەخراپترین ڕێگای هاتوچۆی عێراقی دادەنێن. 

بەدرێژایی 30 كیلۆ مەتر تەواوی رێگاكە بووەتە چاڵێ گەورە و كەڵكی هاتوچۆكردنی لەسەر نەماوە، ئەگەر چی كەوتوەتە نێوان سێ پارێزگاوە، دیالە و سەڵاحەدین و كەركوك، بەڵام هەمو لایەنە حكومییەكان فەرامۆشیان كردووە، بۆیە خەڵكەكە روی دەمیان لەحكومەتی هەرێمە، چارەیەك بدۆزێتەوە،

رێگاكە هاتوچۆی بازرگانی لەسەرە، ناوچەكانی هەرێمیش بە بەغداد و كەركوك و دیالەوە دەبەستێتەوە، بۆیە هاتوچۆی قەرەباڵغی لەسەرەو حكومەتی هەرێم و ناوەندیش هیچ هەنگاوێكیان نەناوە بۆ چاككردنی رێگاكەو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیانیش دەڵێت، ئەوەی لە ئەستۆی ئێمەدایە تەنها ڕێنمایی كردنی هاچۆكارانی ئەو رێگایەیە.

خراپترین روداوەكانی هاتوچۆ لەم رێگایە تۆمار دەكرێت، تەنها لە ماوەی 7 مانگی رابردودا بەهۆی روداوەكانەوە 7 كەس بونەتە قوربانی و 8 كەس برینداربوون، لە كاتێكدا چوار ساڵ لەمەوبەر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەردانێكیدا بۆ قەزای خورماتوو ، بەڵێنی چاككردنەوەی جادە و شەقام و ڕێگاو بانەكانی خورماتووی دا، بەڵام وەك هەمیشە ئەو بەڵێنانەش چونەتە پاڵ بەڵێنە بێ كردارەكانی تر.

1920 جار خوێندراوەتەوە