دانیشتوانی بەسرە نەخۆشی و خۆڵ و خاشاكیان بۆ ماوەتەوە
بەسرە یەكێك لە دەوڵەمەندترین پارێزگاكانی عێراق لە رووی سەرچاوەی ئاوی شیرینەوە، لە ئێستادا بێ ئاوە و هاوڵاتیانی دانیشتووی پارێزگاكە، جگە لە نەخۆشی و خۆڵ و خاشاك هیچی دیكەیان بۆ نەماوەتەوە.
لە سەدەی رابردوودا، دەوڵەمەندیی شاری بەسرە لە رووی سەرچاوە ئاوی سروشتییەكانەوە جێی سەرنجی تەواوی دانیشتوانی عێراق و تەنانەت گەشتیارانی بیانیش بوو، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی وشكبوون و نەمانی زۆرێك لە سەرچاوە ئاویەكانی ئەو پارێزگایەوە، دانیشتوانی شارەكە، تەنها خۆڵ و خاشاك و نەخۆشییان بۆ ماوەتەوە.
لە چەند مانگی رابردوودا هەزاران دانیشتووی شاری بەسرە بەهۆی ژەهراویبوونی سەرچاوە ئاویەكانی پارێزگاكەوە رەوانەی نەخۆشخانە كران و نەبوونی خزمەتگوزاری و بەرزبوونەوەی رێژەی بێ كاری، بارگرژی و ناڕەزایی هاوڵاتیانی شارەكەی بەدوای خۆیدا هێنا.
زەیدوون فەیسەڵ دانیشتوویەكی تەمەن 44 ساڵی شاری بەسرەیە، كە لەگەڵ خانەوادەكەیدا تەنانەت بۆ خۆشۆردنیش ئاوی كانزایی بەكاردەهێنن.
لە چەند رۆژی رابردوودا، خۆپیشاندەرانی بەسرە هێرشیانكردە سەر دامەزراوە حكومی و دیبلۆماسیەكانی پارێزگاكە و لەنێوایاندا كونسوڵخانەی ئێران سوتێنرا.
زۆرن ئەوانەی هۆكاری كارەساتەكانی بەسره دەخەنە ئەستۆی ئێران و هەژموونی ئەو وڵاتە لە عێراقدا.
لە پێكدادانەكاندا، لانی كەم 15 كەس كوژران و 249 ی دیكەش برینداربوون.
سەجاد كەریم خۆپیشاندەرێكی بریندارە و لە نەخۆشخانەی ئەل سەدر-ی بەسرە هێزە ئەمنیەكانی تۆمەتباركرد بەوەی كە راستەوخۆ تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردووە.
دوها مایای تەمەن 42 ساڵ لە پێكدادانی نێوان هاوڵاتیان و هێزە ئەمنیەكانی شارەكەدا، فریاگوزاریی سەرەتایی پێشكەش بریندارانی خۆپیشاندانەكان دەكرد.
بەپێی ئامارەكان، لەناو شاری بەسرەدا هیچ خێزانێك نییە كە یەكێك لە ئەندامەكانی لەم چەند مانگەی رابردوودا بەهۆی ئازاری گەدەوە سەردانی نەخۆشخانەیان نەكردبێت.
ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی ژمارەی نەخۆشەكانی بەسرەیان بە 17 هەزار كەس خەمڵاندووە، بەڵام ئاماری رۆژانەی نەخۆشخانەكان دەریدەخەن كە ژمارەكە زۆر لەوە زیاترە.
1488 جار خوێندراوەتەوە