دوای هەشت مانگ زیندانیکردنیان؛ 11 گەنجی کورد لە لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە

KNN : Kurdish News Network
09:38 - 05/10/2026
کوردستان
+
-

حکومەتی هەرێمی کوردستان 11 گەنجی دیکە لە وڵاتی لیبیاوە دەگەڕێنێتەوە، کە ماوەی هەشت مانگ بوو لە بەندینخانەکانی ئەو وڵاتەدا دەستبەسەر کرابوون. بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو گەنجانە بگەنەوە هەرێمی کوردستان.

 

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڵاویکردەوە، دوای ئاگاداربوون لە بێسەروشوێنبوونی ئەو گەنجانە، لە ڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەوە ڕێکارەکانی دۆزینەوە و هێنانەوەیان تەواو کراون. هاوکات، هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ سۆراغکردن و دۆزینەوەی 10 گەنجی دیکەی سنووری ڕاپەڕین کە ماوەیەکە لە لیبیا بێسەروشوێنن.

 

وەزارەتی ناوخۆ هۆشداری دەداتە گەنجان و خێزانەکان لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو جۆرە کۆچە نەک تەنها مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات، بەڵکو ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی توندی یاسایی و زیندانیکردنیان دەکاتەوە لە وڵاتانی دیکەدا.

109 جار خوێندراوەتەوە