باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ڕایگەیاند؛ سەرقاڵی
بەدواداچوونن بۆ چارەنووسی 18 کۆچبەری عێراقی کە بەشێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ئەو
وڵاتە و گومان دەکرێت لە دەریادا خنکابن.
ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق
لە لیبیا، ئەمڕۆ شەممە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند؛ بە گرنگییەوە چاودێریی
چارەنووسی ئەو 18 کۆچبەرە عێراقییە دەکەن و لەگەڵ دەسەڵاتە ئەمنییەکان، لایەنە
تەندروستییەکان و مانگی سووری لیبی لە هەماهەنگیدان. ئامانج لەو هەماهەنگییە
پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییانەیە کە باس لە خنکانی کۆچبەرەکان دەکەن لە دەریای
ناوەڕاستدا، لە کاتی هەوڵدانیان بۆ پەڕینەوە بەرەو ئەوروپا.
سەحاف ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا دەنگۆی
خنکانی ئەو کۆچبەرانە لەلایەن دەسەڵاتە تایبەتمەندەکانی لیبیاوە بە فەرمی پشتڕاست
نەکراوەتەوە. ڕوونیشیکردەوە کە ماوەی مانگێکە باڵیۆزخانەکەیان سەرقاڵی وردبینییە
لەو زانیارییانە، تاوەکو لە ڕێگەی سەرچاوە فەرمییەکانەوە بگەنە ئەنجامێکی دروست و
باوەڕپێکراو.
ئەو کۆچبەرانە کە زۆرینەیان
کوردن ماوەی زیاتر لە مانگێکە بێسەروشوێنن و چەند زانیارییەک لەبارەی ئەگەری
خنکانیان بڵاوکراوەتەوە.
137 جار خوێندراوەتەوە