وەزارەتی ناوخۆ سیستمی دیجیتاڵیی بەناوکردنی ئۆتۆمبێلی ڕاگەیاند؛ ساڵانە دەبێتە کارتی زیرەک

KNN : Kurdish News Network
11:15 - 27/09/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆسەی بەناوکردنی دیجیتاڵیی ئۆتۆمبێلی لە شاری هەولێر ڕاگەیاند و بڕیارە سیستمەکە لە شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجەش بخرێتە کار، کە لە ڕێگەیەوە هاووڵاتییان دەتوانن بەشێوەی ئۆنلاین مامەڵەکانی دەرهێنان و گواستنەوەی خاوەندارێتیی ئۆتۆمبێل ئەنجام بدەن و ساڵانەی ئۆتۆمبێلیش دەگۆڕدرێت بۆ کارتی زیرەک.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لە هەولێر قەرەباڵغییەکی زۆر لەسەر بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ هەیە، بۆیە لە ئەمڕۆوە پڕۆسەی بەناوکردنی دیجیتاڵیی ئۆتۆمبێل لە بەشی بارهەڵگرەوە دەستپێدەکات، هاوکات ئامادەکاریمان کردووە بۆ ئەوەی سیستمەکە لە شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجەش جێبەجێ بکەین."

 

ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکە پێویستی بە بینای نوێ و کەلوپەلی تایبەتە، ساڵیانەی ئۆتۆمبێلیش هاوشێوەی مۆڵەتی شۆفێری دەبێتە کارتێکی بچووکی زیرەک کە لە ڕووی ئەمنییەوە بەتەواوی پارێزراوە.

 

بەپێی سیستمە نوێیەکە، هاووڵاتییان دەتوانن لە ماڵەوە بەشێک لە مامەڵەکانی دەرهێنان، بەناوکردن و گواستنەوەی خاوەندارێتی بە ئۆنلاین ئەنجام بدەن. ئەم هەنگاوەش مافی خاوەندارێتی پتەوتر دەکات و ڕێگریی تەواو دەکات لەوەی بە فێڵ و ساختەکاری ئۆتۆمبێل بخرێتە سەر ناوی کەسێکی دیکە.

 

هاوکات، خاوەنی ئۆتۆمبێلەکان پابەند دەکرێن کە لە ماوەی 90 ڕۆژدا ئۆتۆمبێلەکانیان بکەن بە ناوی خۆیانەوە، ئەمەش وەک چارەسەرێک بۆ ڕێگریکردن لەو گرفتانەی کە بەهۆی کۆچی دوایی کەسێکەوە دروست دەبن، کە پێشتر دەیان ئۆتۆمبێلی بە ناوەوە بووە و دواتر مامەڵەکانیان بووەتە کێشەی میرات.

280 جار خوێندراوەتەوە