مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران
ڕایدەگەیەنێت؛ وڵاتەکەی متمانەی بە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نەماوە، ئەوەش بەهۆی
دووبارەبوونەوەی هێرش و سزاکان لە دوای هەر گفتوگۆیەک. هاوکات داخستنی گەرووی
هورمز بە کاردانەوەیەکی سروشتی ناودێر دەکات لە بەرامبەر بڕینی ڕێگاکانی بەردەم
ئێراندا.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە، سەرۆک
کۆماری ئێران ئاشکرای کرد، لە ئێستادا قەتەر و پاکستان نێوەندگیری لە نێوان تاران
و واشنتۆن دەکەن و پەیامەکانیان دەگەیەنن. پزیشکیان پرسیاری ئەوە دەکات کە بۆچی و
لەپێناو چیدا چاوی بە سەرۆکی ئەمریکا بکەوێت، لە کاتێکدا واشنتۆن پابەندی ئەو
ڕێککەوتنە نەبوو کە پێشتر واژۆیان کردووە. جەختیش دەکاتەوە کە دانوستانەکانیان
لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بنەمای یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی پێشووە و دەبێت ئەمریکییەکان
هەڵوێستی خۆیان لەسەری یەکلایی بکەنەوە.
سەبارەت بە قەیرانی گەرووی هورمز، پزیشکیان پێی
وایە چارەسەرکردنی کێشەکە لە ڕێگەی دانوستانەوە دەکرێت نەک بەکارهێنانی هێز.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئاسایشی ناوچەکە بە هەماهەنگیی نێوان وڵاتانی ناوچەکە خۆیان
بەدی دێت و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستیان بە هیچ "پۆلیسێکی ناوچەکە" نییە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک کۆماری ئێران
ڕەتیکردەوە وڵاتەکەی پەیوەندی بە ڕووداوەکانی یەمەنەوە هەبێت، بەڵام ئامادەیی
ئێرانی نیشاندا بۆ هاوکاریکردن لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان سعودیە و یەمەن
و ڕایگەیاند؛ ئەوان نابنە هەڵگیرسێنەری جەنگ، هەروەها ڕۆڵی سعودیەی لە یەکخستنی
وڵاتانی جیهانی ئیسلامیدا بەرز نرخاند. لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئێرانیش، باسی لە
یەکڕیزییەکی بێپێشینە کرد سەرەڕای هەوڵی نەیارەکانیان بۆ نانەوەی ناکۆکی لە نێوان
بەرپرساندا، ئاشکراشیکرد کە دوو جار و بۆ ماوەی نزیکەی 10 کاتژمێر لەگەڵ ڕێبەری
باڵای کۆماری ئیسلامی کۆبووەتەوە بۆ داڕشتنی سیاسەتەکان.
77 جار خوێندراوەتەوە