رۆیتەرز: ئەمریکا و ئێران لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی گەرووی هورمز دانوستان دەکەن

KNN : Kurdish News Network
08:01 - 24/09/2026
جیهان
+
-

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، دانوستانکارانی ئەمریکا و ئێران لە نیویۆرک گفتوگۆ لەسەر نەخشەڕێگایەکی قۆناغ بە قۆناغ دەکەن بۆ دەرچوون لە جەنگ، کە تێیدا تاران گەرووی هورمز دەکاتەوە و لە بەرامبەریشدا واشنتۆن ئەو گەمارۆ ئابوورییانە هەڵدەگرێت کە بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی.

 

بەپێی وتەی بەرپرسانی دیپلۆماسیی ڕۆژئاوا و سەرچاوە ئێرانییەکان، گفتوگۆکان ڕووبەڕووی بەربەستێکی گەورە بوونەتەوە، چونکە هیچ لایەکیان نایەوێت یەکەم کەس بێت دەستبەرداری کارتەکانی دەستی ببێت، بەڵام لەپشت هەڵوێستەکانی ئێرانەوە درککردنێکی قووڵ هەیە بە تێچووی ئابووریی درێژەکێشانی ململانێکان. لەم بارەیەوە بەرپرسێکی باڵای ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، باشترین ڕێگە بۆ کۆتاییهێنان بەم چەقبەستووییە ڕێککەوتنێکی قۆناغ بە قۆناغە، کە تێیدا ئێران ڕێگە بە هاتوچۆی کەشتییەکان دەدات لە گەرووی هورمز، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا گەمارۆ ئابوورییەکانی سەری هەڵدەگرێت و ڕێگە دەدات تاران دەستی بە سامانە سڕکراوەکانی بگات.

 

ڕاپۆرتەکە باس لەوەش دەکات، ئەم هەنگاوە پێویستی بەوەیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چارەسەرێکی دیکەی کاتی قبوڵ بکات، ئەوەش دوای ئەوەی لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا لێکتێگەیشتنێکی پێشوویان شکستی هێنا. هەر بۆیە، ئاڵەنگاریی سەرەکیی بەردەم دانوستانکاران تەنها داڕشتنی ڕێککەوتنێک نییە، بەڵکو دەستەبەرکردنی متمانەیە لە نێوان هەردوولادا تاوەکو سازشەکان جێگیر بن و جێگەی باوەڕی هەردوولا بن.

 

سەرەڕای ئەوەی تاران بەدوای دەرچەیەکی دیپلۆماسیدا دەگەڕێت، بەڵام بەرپرسە باڵاکەی ئێران دەڵێت وڵاتەکەی خۆی بۆ ئەگەری سەرهەڵدانەوەی جەنگ لەگەڵ واشنتۆن ئامادە دەکات، هاوکات ئەمریکاشی تۆمەتبار کرد بە بەکارهێنانی گەمارۆی ئابووری و هەڕەشەی سەربازی وەک ئامرازێک بۆ ملکەچپێکردنیان. لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە هەرێمییەکان ئاشکرایان کردووە، تاران ئامادەیە مەرجی وەرگرتنی باجی تێپەڕین لە گەرووی هورمز لە ڕێککەوتنە سەرەکییەکە دەربهێنێت و بیخاتە پاشکۆیەکی لاوەکییەوە، چونکە لە ئێستادا کۆتاییهێنان بە گەمارۆکان بۆ تاران لە پێشینەی کارەکانیدایە.

 

لەو چوارچێوەیەدا، بەرپرسێکی ڕۆژئاوایی ئاگادار لە گفتوگۆکان دەڵێت: "هەموو پرسەکە پەیوەستە بە کردنەوەی گەرووی هورمزەوە، هەموومان ڕووبەڕووی فشاری ناوخۆیی بووینەتەوە و ئێرانییەکانیش ئەمە دەزانن."
لە ماوەی نزیکەی حەوت مانگی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، گەرووەکە بووەتە کارتی سەرەکیی سەوداکردن؛ ئێران دەیەوێت ئەو گەمارۆیانەی ئەمریکا کەم بکاتەوە کە ئابوورییەکەی خنکاندووە، لە کاتێکدا واشنتۆن هەوڵی دەستەبەرکردنی هاتوچۆی ئازادی کەشتییەکان دەدات لەو ڕێڕەوە گرنگەی دابینکردنی نەوتی جیهان کە ئێستا لەلایەن تارانەوە داخراوە.

146 جار خوێندراوەتەوە