وردەکاریی بودجەی 2027ی عێراق؛ مەترسیی کورتهێنانی 60 ترلیۆن دینار هەیە

KNN : Kurdish News Network
07:55 - 16/09/2026
ئابوری
+
-

مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، هێشتا وێنەی کۆتایی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـی عێراق ڕوون نییە و چاوەڕێی پەسەندکردنیەتی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، لەکاتێکدا شارەزایانی ئابووری هۆشداری دەدەن لەوەی کورتهێنانی بودجە بۆ ساڵی داهاتوو 60 ترلیۆن دینار تێپەڕێنێت.

 

مەزهەر ساڵح لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، پێوەرە سەرەتاییەکان بەتەنیا بەس نین بۆ بڕیاردان لەسەر ئاراستەی سیاسەتی دارایی ساڵی داهاتوو، تاوەکو بەتەواوی قەبارەی داهات، خەرجییە کارپێکردن و وەبەرهێنانەکان، قەبارەی کورتهێنان و نرخی خەمڵێنراوی بەرمیلێک نەوت یەکلایی نەکرێنەوە. ڕوونیشیکردەوە، لەم دۆخە ئابوورییەی ئێستای عێراقدا، هەر خەمڵاندنێکی ناواقیعیانە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر زیادبوونی کورتهێنان و پەکخستنی پڕۆژەکان دەبێت.

 

ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران ئاشکرایکرد، پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 زیاتر لەسەر بنەمای ئابووریی سەردەمی ئاشتی و سەقامگیری داڕێژراوە، وەک ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش قەیرانی گەرووی هورمز و ئەو جەنگەی لە 28ـی شوباتی ئەمساڵدا هەڵگیرسا. جەختیشیکردەوە، ئاڵەنگارییە سەرەکییەکە ئەوەیە؛ ئایا بودجەیەک لەسەر بنەمای سەقامگیری داڕێژرابێت، تا چەند دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ لێکەوتەکانی جەنگ و زیانەکانی لەسەر بازرگانی، گواستنەوە، و وزە بکات.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەزهەر محەمەد ساڵح نرخی نەوتی بە "کلیلی سەرەکیی بودجەی 2027" ناوبرد و هۆشداریدا لەوەی گەشبینیی لەڕادەبەدەر بە نرخی نەوت مەترسییەکانی کورتهێنان زیاد دەکات. هەروەها داوای کرد سەرنجی زیاتر بخرێتە سەر خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە بوارەکانی وزە، گواستنەوە، ئاو و ژێرخان بۆ جوڵاندنی کەرتی تایبەت، بەبێ ئەوەی خەرجییە بەکاربردنەکان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی کەمبکرێنەوە کە زیان بە خزمەتگوزارییەکان بگەیەنێت.

 

هاوکات نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری هۆشداریدا لەوەی کورتهێنانی دارایی لە بودجەی ساڵی داهاتوودا پێدەچێت 60 ترلیۆن دینار تێپەڕێنێت. بڕیاریشە لە 15ـی تشرینی یەکەمی داهاتوودا وەزارەتی دارایی پڕۆژەیاساکە ڕەوانەی پەرلەمان بکات، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە عێراق لە ساڵەکانی 2025 و 2026دا نەیتوانی خشتەکانی بودجە پەسەند بکات و ناچاربوو پشتی بە سیستمی خەرجکردنی (1/12) ببەستێت.

294 جار خوێندراوەتەوە