خواردنەوە وزەبەخشەکەی ئەبوجەنە قەدەغەکرا

KNN : Kurdish News Network
01:28 - 14/09/2026
کوردستان
+
-

قایمقامیەتی قەزای ڕانیە بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی هێنانی خواردنەوەی وزەبەخشی جۆری (4U) بۆ سنوورەکەی، ئەوەش بەهۆی زۆربوونی خواست لەسەری لەلایەن منداڵانەوە و بوونی مەترسیی پێکهاتەکانی لەسەر تەندروستییان.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا قایمقامیەتی ڕانیە ئاشکرایکرد، لیژنە هاوبەشەکانیان بەدواداچوونیان بۆ جۆرێک لە خواردنەوەی وزەبەخشی (4U) کردووە، کە بەهۆی بوونی دیاری و خەڵات لەگەڵیدا، خواستێکی زۆری منداڵان و مێردمنداڵانی لەسەر بووە و هانیانداون بڕێکی زۆری لێ بکڕن.

 

 ئاماژە بەوەش کراوە، پێکهاتەی ئەو جۆرە خواردنەوەیە لە (شەکر، ڕەنگ و کافاین) پێکدێت و سەرەڕای ئەوەی لەسەر لەیبڵەکەی نووسراوە "بۆ خوار تەمەن 16 ساڵ ڕێگەپێدراو نییە"، بەڵام لە شوێنکارەکاندا بەهیچ شێوەیەک ڕەچاوی ئەم ڕێنماییە نەکراوە.

 

لە پێناو پاراستنی تەندروستیی گشتی، قایمقامیەتی ڕانیە بەشی بازگەکانی ئیدارەی ڕاپەڕینی ئاگادار کردووەتەوە کە بە توندی ڕێگری بکەن لەو بارهەڵگرانەی کە ئەو جۆرە خواردنەوە وزەبەخشە هاوردەی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین دەکەن.

128 جار خوێندراوەتەوە