دەستەی
ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، فراوانکردنی هەڵمەتی داخستنی
بارەگا و ناوەندەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی ڕاگەیاند، کە هەریەک لە
پارێزگاکانی کەرکوک، نەینەوا و سەڵاحەدینی گرتووەتەوە.
دەستەکە لە
ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەردەوامن لە ڕێکارە مەیدانییەکانیان بەرامبەر
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، بۆ ئەو مەبەستەش نووسینگەی باکووری دەستەکە بە هەماهەنگی
لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، چەند هەڵمەتێکی مەیدانییان لەو سێ پارێزگایە
ئەنجامداوە و بەهۆیەوە چەندین بارەگا و ناوەندی کۆمپانیاکە داخراون. ئاماژەی بەوەش
کردووە، ئەمە درێژکراوەی ئەو هەڵمەتانەیە کە پێشتر لە بەغدا، کەربەلا، نەجەف،
دیوانییە، بابل و چەند پارێزگایەکی دیکە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان دژی کۆمپانیاکە
گیراونەتەبەر.
لە
ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونیشیکراوەتەوە، داخستنەکان لە کەرکوک گەڕەکی ئەڵماس و
شەقامەکانی کۆماری و پارێزگای گرتووەتەوە. هەروەها لە شاری موسڵ لە بەری چەپ
بارەگاکانی گەڕەکی نوور، کۆمەڵگەی ڕۆشنبیری و سۆمەر، لە بەری ڕاستیش ناوچەکانی
موسڵی نوێ و دەواسە داخراون، هاوکات هەڵمەتەکە چەند ناوەندێکی لە پارێزگای
سەڵاحەدینیش گرتووەتەوە.
لە کۆتاییدا
دەستەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، پرۆسەکانی بەدواداچوونی مەیدانی لە چوارچێوەی
جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئەو ڕێکارانەدایە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و
لایەنە پەیوەندیدارەکان گیراونەتەبەر.
هۆشداریش دەدات کە تیمەکانیان بەردەوام دەبن
لە چاودێریکردن بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان لەسەرجەم پێگەکانی سەر بەو
کۆمپانیایە.
196 جار خوێندراوەتەوە