باسم محەممەد
خوزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت؛ بەمزوانە بڕێکی دیکەی بەنزین
دەگاتە وڵات و ئەو کەمبوونەوە کاتییەی لە ماوەی ڕابردوودا دروست بووە، چارەسەر
دەکرێت. هاوکات دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە وەزارەتەکەیان 24 کاتژمێر لە کاردایە بۆ دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی بەرهەمە نەوتییەکان.
بەگوێرەی
ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوت، وەزیری نەوت سەرپەرشتی
کۆبوونەوەی شانەی قەیرانەکانی کردووە، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی
دابینکردنی نەوت و پاراستنی سەقامگیریی بازاڕی ناوخۆیی. لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری
نەوت ئاماژەی بەوە کردووە، تێکڕای بەکارهێنانی بەنزین ڕۆژانە دەگاتە نزیکەی 33 ملیۆن لیتر، بەڵام لە کاتی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتییان، ئەو ڕێژەیە بۆ
نزیکەی 38 ملیۆن لیتر لە ڕۆژێکدا بەرز دەبێتەوە.
سەبارەت بە
هەنگاوەکانی پەرەپێدانی کەرتەکە لە ماوەی سەد ڕۆژی تەمەنی حکومەتدا، وەزیری نەوت
ئاشکرای کرد، لە کاتی دەستبەکاربوونی حکومەتدا، هەناردەی نەوتی خاو لە سنووری 250 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، بەڵام لە ئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو سێ
ملیۆن بەرمیلی لە ڕۆژێکدا تێپەڕاندووە، کارەکانیش بۆ زیادکردنی داهاتی گشتی و
بووژانەوەی ئابووری بەردەوامن.
لە بەشێکی
دیکەی قسەکانیدا دەربارەی گۆڕانکارییەکان، وەزیری نەوت ڕوونیکردەوە کە مۆدێلە
ئابوورییە نوێیەکەی تایبەت بە کەرتەکانی پاڵاوتن و دابەشکردن، هیچ کاریگەرییەکی
لەسەر شایستە داراییەکانی فەرمانبەران نابێت و ڕایگەیاند: "ماف و شایستەی
فەرمانبەران هێڵی سوورە."
148 جار خوێندراوەتەوە