مەزڵوم عەبدی،
فەرماندەی پێشووی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ڕاوێژکاری ئێستای سەرۆکی
سووریا ڕایدەگەیەنێت؛ ئامانجی کورد لە سووریا دروستکردنی قەوارەیەکی جیاواز نییە،
بەڵکو دەیانەوێت بە ناسنامەی تایبەتی خۆیانەوە یەکێک بن لە پێکهاتە
دامەزرێنەرەکانی وڵات، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە زمانی کوردی هێڵی سوورە و
دەبێت مافەکانی کورد لە دەستووری نوێدا بە پارێزبەندییەکی یاسایی جێگیر بکرێن.
لە یەکەمین
چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ میدیایەکی تورکی (کەناڵی ئیلکە)، مەزڵوم عەبدی هەڵوەشاندنەوەی
هەسەدە و تێکەڵکردنی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و سوپای سووریا دوای 15 ساڵ لە خەباتی چەکداری، بە "کۆتایی و سەرەتایەک لە یەک کاتدا" وەسف کرد.
ئاماژەی بەوەش کرد کە تاوەکو ئێستا بە فەرمی وەک ڕاوێژکاری ئەحمەد شەرع، سەرۆکی
سووریا دەستبەکار نەبووە، بەڵکو دوای تەواوبوونی ڕێکارەکانی تێکەڵکردنی هەسەدە بە
دامەزراوەکانی دەوڵەت، لە دیمەشق دەستبەکار دەبێت، کە یەکێک لە ئەرکەکانی تایبەت
دەبێت بە دۆسیەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئیلهام ئەحمەد،
بە مەرسومێکی کۆماری وەک ئەندامی پەرلەمانی سووریا دیاری کراوە.
سەبارەت بە
پرسی زمانی کوردی و ئەو ناڕەزایەتییانەی لەو بارەیەوە دروست بوون، عەبدی
ڕوونیکردەوە کە بڕیاری ناساندنی زمانی کوردی لە ناوەندەکانی خوێندنی حکومەتیدا
هەنگاوێکی مێژووییە، هەرچەندە لەچاو سەردەمی خۆبەڕێوەبەریدا وەک پاشەکشەیەک
دەبینرێت. ناوبراو ناڕەزایەتییەکانی کوردی لەم بارەیەوە بە ڕەوا زانی و ڕایگەیاند:
"زمانی کوردی هێڵی سوورە." داواشی کرد لە ماوەی دوو بۆ سێ مانگی
داهاتوودا کە لیژنەی ئامادەکاری بۆ نووسینەوەی دەستوور پێکدەهێنرێت، نوێنەرانی
کورد بەشدارییان پێ بکرێت بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکانی پێشوو بکرێنە بنەمایەک بۆ
مسۆگەرکردنی مافەکانیان.
لە بەشێکی
دیکەی قسەکانیدا، ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی سووریا تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانیان
لەگەڵ ئەنقەرە و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ڕایگەیاند کە ناتوانرێت پرسی کورد
لە تورکیا و سووریا لەیەکتر جیابکرێنەوە، هەربۆیە پرۆسەی ئاشتیی نێوان تورکیا و
عەبدوڵا ئۆجەلان کاریگەریی ئەرێنی لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریاش دەبێت، بۆ
ئەو مەبەستەش لەم قۆناغە نوێیەدا ئامادەیی خۆی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان
لەگەڵ ئەنقەرە دەربڕی.
121 جار خوێندراوەتەوە