لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئەمنیی سێقۆڵی نێوان ئەنقەرە، بەغدا و هەولێر، دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) چاودێریی پرۆسەی چۆڵکردنی 72 سەربازگە و ئەشکەوتی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەسەر سنوورەکانی تورکیا و عێراق دەکات و تا 1ـی 10 چاوەڕێی ڕادەستکردنی چەکەکانیان دەکرێت
ڕۆژنامەی "نەفەس"ی تورکی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە قۆناغێکی نوێ لە چاودێریکردنی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دەستیپێکردووە و بڕیارە دەزگای هەواڵگریی تورکیا لە مەیداندا بەدواداچوون بۆ ئەوە بکات کە ئایا پەکەکە شوێنی کۆگا نهێنییەکانی چەک و تەقەمەنی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە یان نا. ئەنجامی ئەم بەدواداچوونانەش لە ڕاپۆرتێکی ورددا دەدرێتە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، پێش ئەوەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە 1ـی 10دا دەست بەکارەکانی بکاتەوە
پلانی چۆڵکردنەکە ناوچەکانی مەتینا، زاپ، ئاڤاشین، باسیان و حەفتانین تا دەگاتە چیای قەندیل دەگرێتەوە، کە پێشبینی دەکرێت لە 18 کەمپدا نزیکەی سێ هەزار و 800 چەکداری پەکەکە چەکەکانیان ڕادەست بکەن. دوای چۆڵکردنی ناوچەکانیش، بەتایبەت ئەو ناوچانەی دەکەونە سەر سنووری تورکیا، هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق و پێشمەرگە بە هەماهەنگی لە نێوان بەغدا و هەولێر تیایاندا جێگیر دەکرێن
ناوچەکانی وەرگرتنی چەکەکان بە فەرمی دیاریکراون، کە بریتین لە قەزای ئامێدی و ناحیەی کانی ماسێ لە پارێزگای دهۆک، بناری قەندیل و قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر، هەروەها قەزاکانی ڕانیە و سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی. بەپێی پلانەکە، هەر شوێنێک کە پەکەکە ڕایدەگەیەنێت چۆڵی کردووە، یەک بە یەک پشکنینی بۆ دەکرێت و تۆمار دەکرێت.
197 جار خوێندراوەتەوە