حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ کەسوکاری شەهیدان فراوانتر کرد، بە جۆرێک کوردانی فەیلی و ئەو شەهیدانەش دەگرێتەوە کە لە دەزگای شەهیدانی عێراق تۆمارکراون و مافی ئەوەیان پێدەدرێت تا تەمەنی (65) ساڵی لە وەزیفەی گشتیدا بمێننەوە
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، بڕگەیەکی تایبەتی لە ڕێنماییەکانی یاسای خانەنشینی هەموار کردووەتەوە
لە دەقە هەموارکراوەکەدا هاتووە، مافی درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ (65) ساڵ، جگە لە کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستان، هەردوو توێژی فەرمانبەرانی کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی شەهیدانی کوردی فەیلی، هەروەها کەسوکاری ئەو شەهیدانەش دەگرێتەوە کە بەپێی یاسای دەزگای شەهیدانی فیدراڵی ژمارە (2)ی ساڵی 2016ی هەموارکراو تۆمارکراون
ڕاگەیەندراوەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە مەرجی سەرەکی بۆ سوودمەندبوونی ئەو فەرمانبەرانە لەم بڕیارە نوێیە، پێشکەشکردنی بەڵگەی فەرمییە لەلایەن دەزگای ناوبراوەوە بە مەبەستی پشتڕاستکردنەوەی دۆسیەکانیان.
121 جار خوێندراوەتەوە